گۆڕان داوای ئاشکراکردنی ناوەرۆکی رێککەوتنی بەغداو هەرێم دەکات

سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان داوا ده‌كات ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و رای گشتی ئاشكرا بكرێت.

لە لێدواینێکی رۆژنامەوانیدا برزۆ مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند "ده‌بێت حكومه‌ته‌ شكستخواردووه‌كه‌ی هه‌رێم، ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و رای گشتی به‌ شه‌فافی روون بكاته‌وه‌".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان داوا دەکات "له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌ ئاساییه‌كان، یاخود پێش ئه‌و كاتیش، داوا ده‌كه‌ین سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم بێنه‌ په‌رله‌مان و ورده‌كاری رێككه‌وتنه‌كه‌ ئاشكرا بكه‌ن".

برزو مەجید ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "به‌هیواین سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دواكارییه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ كاتی خۆیدا جێبه‌جێبكه‌ن و، دیسان خاتری ئه‌م حكومه‌ته‌ شكستخواردووه‌ نه‌گرن".

هەفتەی رابردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ رێککەوتن لەسەر دەروازە سنورییەکان و فرۆکەخانەکان لەبەرۆشنایی دەستوری عێراق، هەرچی پارتی و یەکێتی یە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن تەنها لەسەر ئەو خاڵانە رێککەوتوون، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی زیاتر دەرۆن و پێیانوایە رێککەوتنەکە لەوە زیاترەو حکومەتی هەرێم سازشی گەورەی بۆ بەغدا کردووە.



AM:10:33:17/03/2018