ژمارەیەک پەنابەر خنکان

بەلەمێکی پەنابەران لە ئاوەکانی یۆنان تێکشکا و ژمارەیەک پەنابەر خنکان.

بەلەمەکە شەوی هەینی 16ی ئەم مانگە لە ئاوی دەریای ئیجە لە نزیک سنوورەکانی یۆنان تێکشکاوە.

بەهۆی تێکشکانی ئەو بەلەمەوە، کە 20 پەنابەری نایاسایی لە تورکیاوە دەگواستەوە یۆنان، 14 پەنابەر گیانیان لەدەست داوە، کە چواریان منداڵ بوون.

پۆلیسی یۆنانی رایگەیاندووە، تا ئێستا هەشت تەرمیان لەناو ئاو دەرهێناوە و گەڕانیش بەدوای تەرمەکانی دیکە بەردەوامە.

ئەوەش لە کاتێکدایە سەرەتای ئەم مانگە، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە  ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە زیاتر لە 13 هەزار پەناخواز لە دوورگەکانی دەریای ئیجەدا گیریان خواردووە و لە بارودۆخێکی ناهەمواردا دەژین، داواشی لە حکومەتی یۆنان کرد ئەو پەناخوازانە بگوازێتەوە بۆ ناوچەیەکی سەلامەتی ناوخۆی یۆنان.



PM:08:07:17/03/2018