ڕاپەڕین...لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی سێ کەس کوژران

پۆلیسی ڕاپەرین ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەرین، سێ هاوڵاتی لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی کوژران، شایەتحاڵێکیش ووردەکاری ڕووداوەکە بۆ "سپی" دەگێڕێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەرین ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ لەناحیەی حاجیاوا هاوڵاتییەکی تەمەن ٤٥ ساڵ لە ڕەگەزی نێر لەلایەن کەسێکەوە بەچەکی کڵاشینکۆف هێرش کرایە سەری و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەر لەسەر هەمان کێشە لە گوندی کڵاوسورانی سەربە ناحیەی چوارقوڕنە دوو هاوڵاتی دیکەش کوژراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ڕووداوەکەوە دوو کەسی دیکە برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون.

پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد، ڕووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە و ئەو سێ کەسە کوژراون سەربە لایەنێکی کێشەکە بوون، هەروەها دوو تۆمەتباریش دەستگیرکراون.

ڕاشیگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە.

شایەتحاڵێکیش بۆ "سپی میدیا" ئەوەی ئاشکراکرد "دوای ئەوەی هاوڵاتیەک کوژرا لەحاجیاوا کە خەلکی گوندی کلاوسورانە سەربەناحیەی چوارقورنەیە کەسوکارەکەی دەزانن کەکورەکیان کوژراوە ئەوایش هێرش دەکەنە سەر ئەو ماڵە بۆ ئاوەی تۆلەی خۆیان بکەنەوە".

شایەتحاڵەکە وتیشی "بەڵام جارێکی تریش دەکەونە کەمینی ئەوان و دووکەسی تریان دەکوژێن و دوو کەسی تریش بریندار دەبن".

ئەمیر حەسەن



PM:08:18:17/03/2018