ساڵح موسلیم: كشانەوە مانای دۆڕان نیە

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە ڕایگەیاند "كشانەوە لە بەرەیەكی شەڕ، مانای دۆڕاندن نییە".

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتی دیموكراتیك_پەیەدە و بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی تەڤدەم لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایبەتی تویتەر بڵاویكردەوە " كشانەوە لە بەرەیەكی شەڕ، مانای دۆڕاندن و كشانەوە لە شەڕ نییە، بەڵكو شەڕ و كێشمەكێش بەردەوام دەبێت و گەلی كوردیش بەردەوام دەبێت لە بەرگریكردن لە خۆی دژ بەو جینۆسایدەی پیلانیان بۆی داڕشتووە."

ئاماژەی بەوەش كردووە لە كۆتایی دا سەركەوتن بۆ گەل و نەتەوەكانی سوریا دەبێت.

ئەم وتانەی ساڵح موسلیم دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ سوپای توركیا بە یارمەتی سوپای سوریای ئازاد و گروپە هاوپەیمانەكانی، دوای 59 ڕۆژ لە هێرشكردن و بۆردومانكردنی كانتۆنی عەفرین كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شارەی ڕاگەیاند.



PM:03:13:18/03/2018