بەوێنە.. بەرپرسێکی یەکێتی دەستی لەکارکێشایەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لەلایەن سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پشت گوێ خرا و بێ كاریگەر كراو كوردیان بەرەو هەڵدێر برد، دەستم لەكاركێشایەوە".

دیار موفتی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لەلاپەڕەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی" بە داخەوە ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لەلایەن سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی زۆر پشت گوێ خراو بێ كاریگەر كرا لەچەند بڕیار و دیدی كادیرانی پێشكەوتووی ئەنجومەنی ناوەند و هەموو بڕیارە ڕاست و دروستەكانی ئەنجومەنی ناوەند كرا بە قوربانی بەرژەوەندی تەسكی تایبەتی".

 ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی دەشڵێت" هەندێك كەسی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، یەكێتیی و كوردیان برد بەرەو هەڵدێری كاكی بە كاكی و هیچ ڕێزێكیان بۆ بڕیارەكانی ئەنجومەن نەگرت".

دەقی‌ دەستلەركاركێشانەوەی‌ دیار موفتی‌..

هەڤاڵانی ئازیزم شۆڕشگێڕ و خۆنەویستانی ڕۆژانی سەختی خەبات 
من وەك كادیرێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو هیواو ئاواتم بەند بوو بە خۆشەویستی و سەركەوتنی ئەنجومەنی ناوەند و لەڕێگەی ئەنجومەنیشەوە سەركەوتنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئاسودە كردنی ڕەوانی مـــام كە هیچ قسورێكی نەكرد بۆ پێگەیاندن و پەروەردە كردنی كادیرانی یەكێتیی بۆ كورد و كوردایەتی.

بەڵام بە داخەوە ئەو ئۆرگانەی جێ چاوی ئومێدی مــام بوو كە ئەنجومەنی ناوەند بوو لەلایەن سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی زۆر پشتگوێخرا و بێ كاریگەر كرا لە چەند بڕیار و دیدی كادیرانی پێشكەوتووی ئەنجومەنی ناوەند و هەموو بڕیارە ڕاست و دروستەكانی ئەنجومەنی ناوەند كرا بە قوربانی بەرژەوەندی تەسكی تایبەتی هەندێ كەسی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و یەكێتی و كوردیان برد بەرەو هەڵدێری كاكی بە كاكی و هیچ ڕێزێكیان بۆ بڕیارەكانی ئەنجومەن نەگرت هەر لە بڕیاری نەخشەڕێگاو بڕیاری نوێبوونەوەی یەكێتیی لە كۆنگرەدا و هەروەها هیچیان بۆ خوێنی شەهیدان و فرمێسكی دایك و خوشكی شەهیدان و ئازار و ئەشكەنجەی زیندانیانی سیاسی نەهێشتەوە.

بۆیە من ناتوانم لە ئۆرگانێك كار بكەم بەدەستی ئەنقەست و بە بڕیاڕی هەندێ بێ كاریگەر بكرێ و ئەنجومەنی ناوەند كە خۆشەویستی كادر و لایەنگر و هەوادار و دەنگدەرانی یەكێتیی بوو توشی شكستێكی بێ وێنەی بكەن و هەموو ئەو متمانە و هیواو ئاواتانە لە گۆڕ بنێن و من پێموایە بە پلانی ووڵاتانی دوژمن پلانەكانیان لە ناوخۆی یەكێتی جێبەجێ كرد و یەكێتی و خوێنی شەهیدانیان كرد بە قوربانی ئارەزوو و بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیان و كوردیش بێچارەتر لە جاران.

بۆیە بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە بۆ خوێنی شەهیدانمان دەستلەكار كێشانەوەم لە ئەنجومەن و یەكێتیی قبوڵ بكەن و هیوادارم سەركەوتوو بن.



PM:10:13:18/03/2018