ئەمریکا هەڵوێستی لە بارەی ڕووداوەکانی عەفرین ڕاگەیاند

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانی لە بەرامبەر پرۆسەکانی سوپای تورکیا لە ناوەندی شاری عەفرین دەربڕی و داوا دەکات ڕێگە بۆ هاوکاریە مرۆییەکان بکرێتەوە.

هیزەر ناورت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی، "نیگەرانین لەو زانیاریانەی باس لە تاڵانکاری دەکەن لە ناوەندی شاری عەفرین، نیگەرانی خۆمان بەرامبەر دۆخی عەفرین بە بەرپرسانی تورکیا راگەیاندووە".

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت، ئەمریکا داوا لە ڕوسیا و رژێمی سوریا و تورکیا دەکات، رێگە بدەن رێکخراوە مرۆییەکان بچنە ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای سوریا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا هیچ کارێک لە ناوچەی عەفرین ناکات، بەڵام زۆر نیگەرانە لەو ڕاپۆرتانەی لە ٤٨ کاتژمێری رابردوودا باس لە دۆخی عەفرین دەکەن.

ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دوای رۆژێک دێت لە گرتنی شاری عەفرین لەلایەن سوپا و گروپە چەکدارەکانی تورکیا.



PM:08:34:19/03/2018