ئیندیپێندێنتی بەریتانی: ئەوانەی چوونەتە ناو عەفرینەوە داعشن

ئەمڕۆ 19ی ئازاری 2018 پاتریک کۆکبۆرن، نووسەری بەشی سیاسیی ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت لە وتارێکدا ئاشکرایکردوە کە ئەوانەی چوونەتە ناو عەفرینەوە چەکدارانی داعشن.

ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بریتانی وتارێکی پاتریک کۆکبۆرنی بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی لەو چەکدارانە کردووە کە چوونەتە ناو عەفرینەوە و نووسیویەتی "ئەو چەتانەی لەگەڵ سوپای ئەردۆغان چوونەتە ناو عەفرینەوە پێشتر یان داعشی بوون یان چەتەی ئەلقاعیدە بوون، وا خەریکە عەفرین دەکەوێتە دەستی سوپای تورک و هێزە توندڕەوەکانی سوریا، بەڵام مەترسییەک لە ئارادایە، ئەوەی کە پاش ئەوەی شارەکەیان گرتە دەست کە زۆربەی زۆری دانیشتووانی کوردن، ئایا پاکتاوی ئیتنیکی ئەنجام دەدەن یان نا؟".

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا نووسیویەتی "چەکدارەکانی سوپای ئازاد لە یەکەمین کردەوەیاندا پەیکەرێکی ئەفسانەیی کوردەکانیان ڕووخاند، ئەو وێنانەی لەو چەکدارانە بڵاوکراوەتەوە دەیسەلمێنێت کە ئەوانە هەمان چەکدارەکانی پێشووی ئەلقاعیدەن و کورد وەها بە دوژمنی خۆیان دەزانن کە لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەبێت بیانکوژن".

لە وتارەکەدا ئەوەشهاتووە "فەرماندەکانی یەپەگە پاش ئەوەی تێگەیشتن کە ناکرێت بەرگری لە عەفرین بکرێت، بڕیاریاندا هێزەکانیان لە شار بکشێننەوە، ئەوەش بڕیارێکی عاقڵانە بوو، ڕێگری کرد لەوەی شەڕەکە قوربانی زیاتری لێبکەوێتەوە".

نووسیویشیەتی "دەوترێت کە ئەردۆغان بەتەمایە لە باکوری سوریا ناوچەیەک بە سەروەری سوننەکان پێکبێنێت کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت، لەلایەکی دیکەوە لە منبج هێزەکانی یەپەگە بەهێزترن و لەوێ پشتگیریی ئەمریکاشیان هەیە، ئەمریکا ئەگەر بیەوێت لە سوریادا بمێنێتەوە پێویستی بە کوردەکانە، یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەگە وتبووی، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت پشتی کورد چۆڵ بکات ناچاردەبێت سوریا بەجێبێڵێت".



PM:10:03:19/03/2018