خۆپیشاندەران ڕێگایەکی سەرەکى سلێمانیان داخست

کەمێک لەمەوبەر مامۆستایانى خۆپیشاندەر  بە ڕێپێوان بەڕێکەوتن و  ڕێگای سەرەکى سلێمانى تاسلوجەیان داخستووە و لە ئێستادا لە بەردەم کەمپی زانکۆدا گردبوونەتەوە.

ئەمڕۆ  لە دژی سیستمی پاشەکەوتی موچە، خۆپیشاندانی بەشێک لە مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی، هەڵەبجە، کۆیە، گەرمیان و ڕاپەڕین دەستیپێکرد.

خۆپیشاندانی ئەو فەرمانبەرانە دوای ئەوە دێت کە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند بەپێی سیستمی پاشەکەوت موچەیان بەسەردا دابەشدەکرێت.

هاوکات مامۆستایان دەڵێن کە بەردەوام دەبن لە بایکۆت و خۆپیشاندان و ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن تا سیستمی پاشەکەوت بەردەوام بێت.

هەروەها کارمەندانی تەندروستیش حکومەتی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانن لەوەی هەر شتێک بەسەر نەخۆشدا بێت.



PM:12:49:20/03/2018