نرخی کڕینی گەنمی جوتیاران بۆ ئەمساڵ دیاریکرا

کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵەی عێراق،کە سەر بە وەزارەتی بازرگانیە ئەمڕۆ سێشەممە نرخی گەنمی ناوخۆیی جوتیارانی بۆ ئەمساڵ دیاریکرد.

نەعیم موحسین مەکسوسی، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، وەزارەت پشتی بەستووە بە نرخی گەنمی ناوخۆیی بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٢٤٩ی ساڵی ٢٠١٦ کە نرخی گەنمی ناوخۆیی پلە یەکی بە بڕی ٥٦٠ هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک دیاریکردووە و گەنمی پلە دووی بە بڕی ٤٨٠ هەزار دینار دیاریکردووە، بەڵام نرخی گەنمی ناوخۆیی پلە سێی بە ٤٢٠ هەزار دینار دیاریکردووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لیژنەی باڵای کڕین سەرجەم پێداویستی و ڕێوشوێنەکانی تەواوکردووە، لەپێناو سەرخستنی پلانی کڕینەوەی بەرهەمی دانەوێڵەی ئەمساڵ بەگوێرەی ڕێنماییەکان.

هەروەها کۆمپانیاکە جوتیارانی سەرپشککردووە، بۆ فرۆشتنەوەی بەرهەمەکانیان بە کۆگاکانی کۆمپانیای گشتی دانەوێڵە بەگوێرەی ئەو نرخەی کە بۆی دیاریکراوە.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کۆمپانیای گشتی دانەوێڵە، چاوەڕواندەکرێت لە وەرزی کۆکردنەوەی دانەوێڵەی ئەمساڵدا بڕی گەنمی ناوخۆیی بگاتە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن، ئەوەش ڕێژەکەی زیاترکردووە، گەر بەراورد بکرێت بە وەرزەکانی ڕابردوو، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بارینی بارانی پێویست لەم دواییانەدا کە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لەسەر گەشەسەندنی دانەوێڵەی ئەمساڵ.

عێراق ساڵانە پێویستی بە بڕی ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن تا ٥ ملیۆن تۆن هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکان، ئەوەش وادەکات عێراق ساڵانە بڕی نزیکەی دوو ملیۆن تۆن گەنم لە دەرەوە هاوردە بکات.



PM:09:47:20/03/2018