دانە غاز ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئاشکرادەکات

کۆمپانیای دانەغاز ڕێککەوتنێکی کۆمپانیاکەیان و کۆمپانیای هیلال لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئاشکرادەکات کە ڕێککەوتنی ١٠ ساڵەیەو بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر.

ئەمڕۆ چوار شەممە پێگەی ئەلکترۆنی کۆمپانیای دانە غاز ئاشکرایکرد، دامەزراوەی کۆمپانیاکانی پێڕڵ پترۆلیۆم کە هەردوو کۆمپانیای هیلال و دانە غازی ئیماراتی سەرپەرشتی دەکەن، ڕێککەوتنی ١٠ ساڵەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆکردووە.

دانە غاز دەڵێت "ڕێککەوتنەکە لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە نێوان ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم و پاتریک ئەلمان وارد بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانە غاز واژۆکراوە".

مەبەستی ڕێککەوتنەکەش، بەرزکردنەوەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەی کۆرمۆرە بە بڕی ٨٠ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەش لەکاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەوە دەستیپێکردووە و لە پێش کۆتاییهاتنی ساڵی ٢٠١٨ بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دانەغاز ئاشکرایکردووە، لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر بە ڕێژەی نزیکەی لە سەدا ٢٥ سود وەردەگیرێت لە بەکارهێنانی بەشێک لەو غازە سروشتییە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا.

هەروەها پڕۆژەکە بەشێکە لە پلانی بەرزکردنەوەی بەرهەمی غازی سروشتی بە ڕێژەی لە سەدا ١٢٥ لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، بۆئەوەی بەرهەمی غازی سروشتی لەو کێڵگەیە بگاتە نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن پێ سێجا.

ئاشکراشیکردووە، بەهۆی پڕۆژەکانی دانەغاز سودی ئابووری بە بەهای ملیاران دۆلار بۆ حکومەتی هەرێم بەدەستهاتووە.

هەروەها دانەغاز دووبارە باسی لەو بڕیارە یاساییەی مانگی هەشتی ٢٠١٧ کردووە، کە بەپێی بڕیارەکە حکومەتی هەرێم ملیارێک دۆلار وەکو قەرەبوو دەدات بە دامەزراوەی کۆمپانیاکانی پێڕڵ پتڕۆلیۆم.



PM:06:37:21/03/2018