وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامانجی وڵاتەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرادەکات

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند لەم قۆناغەدا دوای منبج نۆرەی شارەکانی دیکەش دێت، تەنھا منبج یاخود کشانەوەی یەپەگە لە منبج بەس نییە.

چەند رۆژێك لە دوای داگیركردنی شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی لێکتێگەیشتنێكی تورکیا و ئەمریکاوە لە منبج و رۆژھەڵاتی رووباری فورات، رایگەیاند كە لەم قۆناغەدا دوای منبج نۆرەی شارەکانی دیکەش دێت.

چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا لە نێوان ئەمریکا و تورکیا بۆ کشانەوەی یەپەگە لە رۆژھەڵاتی فورات لێکتێگەیشتنێک ھاتووەتە ئاراوە؟ چاوشئۆغڵو وتی "چەندین جار لە گفتوگۆ و روونکردنەوەکانمان جەختمان لەمە کردووەتەوە و دەڵێین گەیشتین بە لێکتێگەیشتن. ئەم لێکتێگەیشتنەش، دەستەبەرکردنی سەقامگیرییە لە سووریا و بە تایبەتیش لە منبج و رۆژھەڵاتی فورات. ئەمە لەگەڵ کێ دەکەین؟ لەگەڵ ئەمریکا. ئەمەمان لە میانی سەردانەکی تیلەرسن بۆ ئەنقەرە وت. نەمانوت رێککەوتنێک کراوە، بەڵکو گەیشتووین بەلێکتێگەیشتنێک. ئەوکات لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی وتم رێککەوتن، بەڵام دواتر بە لێکتێگەیشتن راستم کردەوە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی "لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی پێکھێنانی سێ گرووپی کار و کۆمسیۆن گەیشتین بە رێککەوتن. ئامانجی گرووپەکانی کار دیارە. ئامانجی یەکێکیان، دەستەبەرکردنی سەقامگیرییە کە لە منبج دەست پێ دەکات و بەشێکی دیاریکراوی سووریا دەگرێتەوە. ئەمە چۆن دەبێت؟ لێرەدا چوارچێوەیەک ھەیە و لێکتێگەیشتنیش ھەیە. سەرەتا یەپەگە لەم شوێنانە دەکشێتەوە. بۆ نموونە لە منبج دەکشێتەوە. کێ ئەم شوێنانە بەڕێوە دەبات؟ کێ ئاسایشی ئەم شوێنانە دەستەبەر بکات، لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەوان کار دەکەین".

چاوشئوغڵو دووپاتی كردەوە كە بۆ ھێنانەدی سەقامگیری لە ناوچەکە، پێویستە یەپەگەی لێ نەمنێنێت. لەمبارەوە وتی "ناڵێین ئەو شارانەی کوردی لێ دەژین با خوشک و برا کوردەکانمان بەجێی بھێڵن. دەڵێین نابێت یەپەگە لەوێ بێت. لەم پرۆسەیەدا دوای منبج سەرەی شارەکانی دیکە دێت. تەنھا منبج و کشانەوەی یەپەگە لە منبج بەس نییە. ئەم کارانە لە روانگەی پاراستنی یەکپارچەیی و سنووری سووریا کاری گرنگن".



PM:07:30:21/03/2018