ساڵح موسلیم: ئەگەر ئەمەریکا بکشێتەوە ئێمە لە منبەج بەرگری دەکەین

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤدەم ڕایگەیاند " تائێستا ئەمریکا پێی نەوتوون دەستبەرداری منبج دەبێت، ئەگەر ئەمریکاش بکشێتەوە، بەرگریی دەکەن."

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤدەم لە لێدوانێکدا بە کەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاندووە" ئەو هەماهەنگییەی بۆ شەڕی ڕەقە لە نێوان ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا دروستبووە، هێشتا بەردەوامە".

موسلم دەشڵیت " تا ئێستا ئەمریکا هیچ شتێکی پێنەوتوون بۆ دەستبەرداربوونی منبج، بەڵام ئەگەر ئەمریکا بیەوێت لە ناوچەکە بكشێتەوە، ئەوان بەرخۆدانی خۆیان دەکەن".

سەبارەت بە دۆخی عەفرینیش، ساڵح موسلیم وتی،" دۆخی عەفرین خراپە و ١٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوون و یەپەگە و یەپەژە خەباتی گەریلاییان دەستپێکردووە و ئەو شەڕەش بەردەوام دەبێت".

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، بەرپرسانی تورکیا باسیان لە ڕێککەوتنی ئەنقەرە و واشنتۆن لەسەر منبج کرد، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەتیکردەوە و بانگەشەی ڕێککەوتنی بە پێکەنیناوی ناوبرد.




PM:09:32:22/03/2018