بەرپرسێکی یەکێتی مامۆستایان کوردستان لە سلێمانی رایدەگەیەنێت " دە رۆژی داهاتوو دەرفەتە ".
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، سەنگەر فایەی جێگری لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان بەناوی " دوا دەرفەت" نووسیوویەتی " ئەگەر مامۆستایان و فەرمانبەران بە یەکدەنگ لە سەرتاسەری هەرێم هەڵوێست وەرنەگرن ، زۆر قورسە بتوانرێت ستەمی موچە چاک بکرێت و تا چەند ساڵێکی تر بەردەوام دەبێت، بۆیە فەرمانبەران و مامۆستایان وەک یەک لە بەر دەم لێپرسراویەتێکی مێژوویدان ، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو هەرچیەک کرابێت بە هەموو باشە و کەم و کوڕییەکانەوە بەندە بەم دە رۆژی داهاتوو".
ئەو مامۆستایە داوا دەکات "ئەگەر کەس و کاری خوێندکاران و قوتابیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین لە خەمی داهاتووی منداڵەکانیانن و نایانەوێت ئەم ساڵی خوێندنیان بکەوێتە مەترسیەوە ئەوا دەبێت پشتیوانی نارەزاییەکانی مامۆستایان بۆ فشار لە سەر دەسەڵات تا داواکاری مامۆستایان جێبەجێ بکرێت".
سەنگەر فایەق بەپێویستی دەزانێت لە دە رۆژی داهاتوودا گەورەترین نارەزایی و خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندانی تەندروستی و کەس وکاری خوێندکاران و کاسبکاران بکرێت لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمدا.
دوای ئەوەی عەبادی بڕی ٣١٧ ملیار دیناری ناردو لەگەڵ حکومەتی هەریم رێککەوتن کە پارەکە بۆ هەموو مووچەخۆرانی هەرێم بێت، بەمەش مامۆستایان جارێکی تر مووچەکەیان بە سیستەمی پاشکەوتی مووچە پێدەدرێت، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایەتی گەورەی مامۆستایان و کارمەندانی پزیشکی.