لەنێو مەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەستدرێژی دەکرێتە سەر رۆژنامەنووسێک

لەنێو مەکۆی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەستدرێژی دەکرێتە سەر رۆژنامەنووسێک و سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت.

لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی سپی میدیا نێردراوە لقی سەندیکای سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند "ڕۆژنامەنووس سەباح عەلی قارەمان لەلایەن بەرپرسێكی حزبیەوە لەناو گردی زەرگەتەدا لێی دراوە و سووكایەتی پێکراوە."

لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان لە بەدواداچوونەکانیدا بۆی دەرکەوتووە " ڕۆژنامەنووسی ناوبراو لەلایەن بەرپرسێكی حزبیەوە لێیدراوە و پاشان پاسەوانەكانیشی لێیان داوە و سووكایەتییان پێكردووە تەنیا لەسەر ئەوەی نووسینێكی بڵاوكردووەتەوە".

سەندیکا دەڵێت "ئێمە تەواو نیگەرانین لە دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتانە و داواكارین رۆژنامەنووسان دەست لە مافی خۆیان هەڵنەگرن و سكاڵای یاسایی تۆماربكەن لەم حاڵەتە هاوشێوانەدا تاوەكو هیچ بەرپرسێك و هیچ دەسەڵاتێك نەتوانێت شكۆی رۆژنامەنووسان و میدیاكاران بشكێنێت."

سەندیکا روودەکاتە رۆژنامەنووسەکەو پێی دەڵێن "ئێمە لە لقی سلێمانی پاڵپشتی یاسایی و داراییتان بۆ دابین دەكەین تا بەدەستهێنانەوەی مافی خوراوتان،  تەنها دەمانەوێت ئێوەش لەچوارچێوەی یاسای رۆژنامەوانیدا ئەرك و كارەكانی خۆتان راپەرێنن."



PM:06:48:24/03/2018