لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان هۆشداری دەداتە حکومەت و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ مامۆستایان داوای قوتی ژیانی خۆیان دەکەن بۆیە پێویستە حکومەت گوێ شلبکات بۆیان تا خۆپیشاندانەکان بە لاڕێدا نەبرێن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا هەینی قادر خزر سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کاتی ئەوە هاتووە پاشەکەوتی موچە ڕابگیرێت، چونکە هیچ هۆکارێک نەماوە بۆ مانەوەی پاشەکەوتی مووچە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر مامۆستاکەی هەولێر کراوە و ئیدانەی هێرشەکەیان کردووە و داواشیان لە بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ کردووە لێکۆڵینەوە لەو ڕوداوە نەشیاوە بکات و بەپێی یاسا سزای ئەو دەستدرێژیکارە بدرێت کە بە بەرچاوی خەڵکەوە سوکایەتی بە مامۆستا دەکات.
ئاماژە بەوەش کراوە، ناکرێت حکومەت لەم پێشێلکارییانە بێدەنگبێت و پشتگیری تەواوی مافی مامۆستایان دەکەن، خۆپیشاندان و گردبوونەوەکانیشیان بە مافێکی مەدەنی ڕەوای هاووڵاتیان زانیووە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داواکراوە حکومەت بەدەم داواکارییەکانی مامۆستایانەوە بێت بۆئەوەی دۆخەکە لەوە زیاتر ئاڵۆزتر نەبێت.
ماوەی دوو ڕۆژە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تا هەڵەبجە و گەرمیان خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە دژی سیستمی پاشەکەوتی موچە بەردەوامە و لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و چەند ناوچەیەکی تر گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە.