مەلا بەختیار: بەرهەم ساڵح داوای مووچەی ٥٠ هەزار دۆلار و ڤێلایەکی لە مام جەلال کردووە

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرش دەکاتە سەر بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و دەڵێت کە "داوای مووچەی ٥٠ هەزار دۆلار و ڤێلایەکی لە مام جەلال کردووە".

مەلا بەختیار لە وتارێکیدا کە لە ماڵپەڕی "چاودێر"ی نزیک لە خۆیەوە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت لە ۱٨ی ۳ی ۲۰۱٨ لە کۆڕێکی ھەولێردا، بەرهەم ساڵح "تانە و تەشەرمان لێدەدات، لەبەرئەوەی بەرگریمان لەیەکێتی کردووە، گوایە دەستاودەستکردنی دەسەڵات قبوڵ ناکەین". ئاماژەشی بەوە داوە کە رێژە بەرزبێتەوە یان دابەزێ، "ھەر یەکێتین".

مەلا بەختیار باسی لەوە کردووە کە هیچ کاتێک لە ھیچ کابینەیەکدا پۆستی نەبووە، ئەوەش ئاشکرا دەکات کە بەرهەم ساڵح لەدەرەوەی وڵات ویستوویەتی وەک یاریدەدەری حاکمی کۆسۆڤۆ بچێتە کۆسۆڤۆ بە مووچەی ٥٠ هەزار دۆلار، بەڵام مام جەلال کەسێکی بەناوی (لەتیف رەشید) ناردووەتە لای و پێی وتووە تۆ ئەندامی سەرکردایەتیت، چۆن کاری وا دەکەیت؟ مام جەلال دەتکاتە نوێنەری یەکێتی لەئەمریکا. بە وتەی مەلا بەختیار، بەرهەم ساڵح لەوەڵامدا وتوویەتی "نابێ لە (٥٠ ھەزار دۆلار) کەمترم بداتێ‌ و دەشبێ ڤێلایەکیشم بۆ بکڕێ. واتا: بەشەرتی موچەی بەرز و ڤێلای چەند نھۆمی، رازی بوویت ببیتە نوێنەری یەکێتی لەئەمریکا. ئێستاش ڤێلاکە بەناوی خۆتەوەیە".

هاوکات نووسیویەتی "ئەوە من نیم، خۆپیشاندانی ١٧/ی شوبات دژم بەرپا کرابێ. ئەوە حکوومەتەکەی جەنابت بوو کە دەستەواژەی گەندەڵی خستە ناو ویژدانی رای گشتی.. بۆیە، گۆڕان توانی بەئاسانی خۆپیشاندان بخرۆشێنێ. ھەر ئەوکاتەی جەنابیشت سەرۆکی لیستی یەکێتی بووی بۆ ھەڵبژاردن، لەبەرئەوەی متمانەت لاواز ببوو، رێژەی دەنگەکانی یەکێتی دابەزی! خۆ من سەرۆکی حکوومەت نەبووم، لەبەر دەرکی سەرا و لەشەقامەکاندا، تەقە لەخۆپیشاندەران دەکرا. خۆشت دەزانیت، ھەڵوێستی من جیاواز بوو ئەوکاتە".

بە وتەی ئەو سەرکردە باڵایەی یەکێتی، کاتێک بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لادراوە، "لە ناخی خۆیدا" بڕیاری جیابوونەوەی داوە، بۆیە ئەو کاتەی کە مام جەلالیش لە ژیاندا بووە، ٧ مانگ نەچووەتە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی. ئەوەشی وەبیر دێنێتەوە، (٣) ساڵ لەمەوبەر، لەماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ، بەبەرچاوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێی وتووە "تۆ لە یەکێتی جیادەبیتەوە، پێتناخۆشبوو، بەڵام من دڵنیا بووم لە بۆچوونەکەی خۆم. ئەوەتا بۆچوونەکەت ھێنایە دی!".

مەلا بەختیار دەڵێت کە ئەوکاتەی لە هەڵبژاردنی نێو فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا بەرهەم ساڵح دەنگی پێویستی بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری عێراق نەهێناوە، وتوویەتی "خۆم دەزانم چی لە یەکێتی‌ و لە ماڵی مام جەلالیش دەکەم". دووپاتیشی کردووەتەوە "ھەر واشت کردووە. لەلایەکەوە، ھەتا لە حکوومەت بووی، پارەی پاشەکەوتکراوی ھاووڵاتی‌ و کۆمپانیاکانت خەرج کرد، ھەتا لەژێر باری قەرزێکی بێڕادە حکوومەت بدەیتەوە بە نێچیرڤان‌ بارزانی و قوباد تاڵەبانی. لەناو یەکێتیش، تەنھا لەبەر مەزنخوازێتیی خۆت، جیابوونەوەت سەپاند و لەبەغداش بەردەوام خەریکی ئەوەیت، کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا، چارەسەر نەکرێ".

تیشکی خستووەتە سەر قسەیەکی نووری مالیکی کە وتوویەتی "بەرھەم ساڵح داوای لێکردووم، بۆ کۆنترۆڵکردنی نەوتی کەرکووک، ھێز بەکاربھێنم".

دووپاتیشی کردووەتەوە "ئەوکاتەی جەنابت نوێنەری کورد و یەکێتی‌ و مام جەلال بووی، لە حکوومەتی عێراق‌ و جێگری سەرۆک وەزیران بووی. ھیچ ھۆیەک نییە مالیکی بوختانی وات بۆ ھەڵبەستێ، گەر دڵنیا نەبووبێ لەوەی ئەو قسانەت لا کردبێ! بەدڵنیاییەوە، لەپێناوی خۆتدا، ھەر کە لە ئەمریکاوە (٢٠٠٤) بە مەرجی سەرۆک وەزیرانی ئیدارەی سلێمانی گەڕاویتەوە، ھەموو شتێکت کردووە. درێغیت بۆ مەرامەکانت‌ و پیلانەکانت‌ و بەڵێنە بێبناغەکانت، نەکردووە".

لە کۆتاییشدا مەلا بەختیار بۆ بەرهەم ساڵح نووسیویەتی "بەرێزت نە گیراویت لەلایەن یەکێتییەوە، ئەشکەنجە نەدرابووی، بەڵکو (٨) دانە ساڵ بەرزترین پۆستی حکوومەت‌ و حیزبیشت پێدرا، کەچی، ھەر لەبەرئەوەی پێویست بووە بتگۆڕن، ھێندە دەسەڵاتپەرست‌ و مەزنخوازیت، بەرگەت نەگرت ‌و گەیاندتە جیابوونەوە و رووخاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەناوی حکوومەتی رزگاریی نیشتمانی. ئێستاش، جیابوویتەوە. کۆنفرانس دەبەستیت. بەتەواوی ئیمکانیەتی دەستبەسەرداگیراوی یەکێتی، چالاکی دەنوێنی. کەس دەستی بۆ یەک ھەڵسووڕاوت نەبردووە". دەشڵێت: ”جارێ فەرموو، قەرەبووی قوربانییانی ١٧/ی شوبات بدەرەوە، ئینجا ھەڵوێستی دیموکراسیمان پێ بفرۆشە. ئەوە جەنابت نیت بتوانیت لافی دیموکراسی لێبدەیت، چونکە باشت دەناسین کە چەند تاکڕەویت لەسیاسەتدا. ئەوانەی پێشت چەواشە بوون، زۆر نابات، دەتناسن چ تاکڕەوێک‌ و چ چەواشەکارێکیت. لەکۆتاییشدا، ھیوا ناخوازم لە یەکێتی دەنگ زیاتر بھێنی، بەڵام ئەگەر دەنگی زیاترت ھێنا، چاوەڕوان بە، پیرۆزبایی سەرکەوتنیشت لێدەکەم".



PM:08:14:26/03/2018