كەناڵی ئێن ئاڕتی "بروسكەیەك"ی ئاسایشی پارتی ئاشكرادەكات

كەناڵی "ئێن ئاڕتی" بڵاویكردەوە ئاسایشی پارتی بروسكەیەكی بۆ سەرجەم بنكەكانی ئاسایش ناردووە و دەقی بروسكەكە بڵاودەكاتەوە.

بەگوێرەی هەوڵێكی ئەو كەناڵە لە بروسكەكەی ئاسایشی پارتی داوا لە بنكەكانی ئاسایشی هەولێر دەكات هەر بنكەیەك هەشت كارمەند بنێرنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ خۆپیشاندان و نێچیرڤان بارزانیش قسەیان بۆ دەكات.

خۆپیشاندەكە لەلایەن كادیران و ئەندامانی پارتی ئەنجام دەدرێت و تێیدا نێچیرڤان بارزانی مژدەی كەمكردنەوەی ڕێژەی پاشەكەوتی موچە ڕادەگەیەنێت و داوا دەكات خۆپیشاندانەكان كۆتایی پێ بهێنرێت

كەناڵەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو ئەم دەستكاریكردنی پاشەكەوتە كاتییە و دوای هەڵبژاردنەكان وەك خۆی لێ دەكەنەوە
ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری سیستمە نوێیەكە رادەگەیەنێت.

هاوكات لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی فراوان دژی سیستمی پاشەكەوتی موچە بەڕێوەدەچێت و خۆپیشاندەران دەڵێن كە تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت واز لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان دەهێنن.



PM:12:46:28/03/2018