نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ راگەیاندنی دەستکاریکردنی مووچە، هەڕەشە دەکات

ێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەستکاریکردنی سیستەمی پاشکەوتی مووچەی راگەیاندو دەڵێت " هەنگاوێکی زۆر باشمان بڕیوە"، هاوکات لەسەر خۆپیشاندانەکان هەڕەشە دەکات و دەڵێت" زۆر بە توندی وەڵامی ئەو لایەنانە دەدەینەوە کە دەیانەوێت ئیستیغلالی خۆپیشاندانەکان بکەن".

 نێچیرڤان بارزانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ڕایگەیاند " لە بەرژەوەندی موچەخۆرانی هەرێم هەنگاوێکی زۆر باشمان بڕیوە بەرەو کۆتاییهێنان بە سیستمی پاشەکەوتی موچە دەچین."

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، پاش  تەواوبوونی پڕۆژە یاسای خانەنشینی و جێبەجێکردنی بە تەواوەتی سیستمی پاشکەوتی موچە نامێنێت.

سەرۆکی حکومەت وتیشی ، ئەوەی ئەم چەند ڕۆژە لە شەقام ڕوویدا هێندەی ئەوەی حزبە سیاسییەکان دەیانویست ئیستیغلالی خۆپیشاندانەکان بکەن هێندە داواکاری ڕەوای خەڵک نەبوو.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی وت ، زۆر بە توندی وەڵامی ئەو لایەنانە دەدەینەوە کە دەیانەوێت ئیستیغلالی خۆپیشاندانەکان بکەن.
ئەوەشی وت، بۆ کۆتایهێنان بە ئاژاوە هەموو ڕێگەیەک دەگرینە بەر.

نێچیرڤان بارزانی دەشڵیت " بۆ ئەوەی وا لە عێراق بکەن مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەکات و سەریان لە حەیدەر عەبادیش شێواندبوو و هەر ئەوانیش هۆکاربوون بۆ  دواکەوتنی هاتنی پارەی موچە".

وتیشی ،  سیستمێکی نوێمان داناوە و بەو سیستمە نوێیە دەتوانین موچەی مانگانە دابینبکەین و شەهیدان و زیندانی سیاسی وەک خۆیان بە تەواوی موچە وەردەگرێن و ئەوەشی لە خوار ٤٠٠ هەزاری هەبێت هیچی لێ پاشەکەوت ناکرێـت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێدانی مووچەی مانگانە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "بەپێی ئەو بڕیارەی داومانە، دڵنیاین لەوەی دەتوانین مووچە دابین بکەین. لەمەودوا کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و خانەنشینان لەمەودوا مانگانە مووچە وەردەگرن، هەروەها هەر مووچەیەک لە خوار 400 هەزار بێت پاشەکەوت نایانگرێتەوە، بڕی پاشەکەوتیش لە 30% زیاتر نابێت".

وتیشی: "هەرکاتێک داهاتمان بەرەوە باشی بڕوات، هەوڵی یەکەممان دانەوەی قەرزی فەرمانبەران دەبێت".




PM:02:25:28/03/2018