تورکیا پلانی شەڕێکی درێژخایەن دژی کورد دادەرێژێت
هێرش دەکاتە سەر قەندیل

تورکیا پلانی شەڕێکی درێژخایەن و دوور مەودای دژی کورد و بەتایبەتی پەکەکەو رۆژئاوای کوردستان داڕشتووەو، تا هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی تورکیا بەردەوام دەبێت.

بەپێی هەندێک زانیاری تایبەت کە دەست سپی کەوتووە، لەو پلانە نوێیەی تورکیادا، بەنیازە سووپای تورکیا هێرشبکەنە سەر شەنگال و ناوچەکانی ژێر دەسەلآتی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە قەندیلیەشەوە.

سپی زانیویەتی کە لەو پلانەدا رووسیاش هاوپەیمانی تورکیا دەکات و هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی سیاسی و لۆجستی پێشکەشی تورکیا دەکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، دوو هەفتە لەمەوبەر چەند ئەفسەرێکی پلە بالآی تورک و چەند ئەفسەرێکی پلە بالآی رووسی لەگەڵ هەردوو باڵوێزی تورکیا و رووسیا لە عێراق، سەردانی عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کردووەو بەڕاشکاوانە دوو بژاردەیان خستۆتە بەردەم عەبادی، کە یان دەبێت پەکەکە لە شەنگال و قەندیل دووردەخاتەوە، یان ئەوان هێرش دەکەن سەر شەنگال و قەندیل.

لەبەر رۆشنای ئەوهەڕەشەیە، عەبادی داوا لە گەریلاکانی پەکەکە دەکات کە ناوچەی شەنگال چۆڵ بکەن، ئەوانیش بۆئەوەی ئەو بەهانەیە نەدەنە دەست تورکیا هێزەکانیان چیای شەنگالیان چۆڵکرد.

هەروەها تورکیا ماوەی هەفتەیەکە لەرووی میدیایەوە ئاگری هەڕەشەی هێرش بۆ سەر قەندیل گەرم دەکات و لەرووی سەربازیشەوە بۆردومان رۆژانەی ناوچەکانی ژێر دەسەلآتی گەریلاکانی پەکەکە لەهەرێم بەردەوامەو، هەروەها راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن کە سووپای تورکیا زیاتر بەقوڵی ٢٠ کم چوونەتە نێو خاکی هەرێمەوە.

تا ئێستا ئەمەریکا هەڵوێستێکی رۆشنی نییە لەسەر هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق، بەلآم لەسەر پرسی شەنگال وەزارەتی دەرەوەی ئەو ولآتە رایگەیاند" هەر هێڕشێک تورکیا بیکاتە سەر شەنگال دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بێت".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەو هێرشەی تورکیا ئەگەر ئەنجامی بدات ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت و تا هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٩ دەیەوێت بەتەواوی گەریلاکانی پەکەکە لە سنورەکانی دووربخاتەوەو دووچاری شکستیان بکات.
    



PM:11:46:29/03/2018