سپی زانیاری تەواو لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتی هەرێم لە ئێستادا بڵاودەکاتەوە

بەرهەمهێنانی نەوت و چۆنێتی فرۆشتنی و، بڕی ئەو پارەیەی دەستی حکومەتی هەرێم دەکەوێت و،  چۆنێتی خەرجکردنی گومانێکی زۆری لای هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و خەڵک دروستکردووە، سپی زانیاری ورد لەسەر ئەو بوارانە بڵاودەکاتەوە. 
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکی ٣٣٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.

ئەو نەوتە لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەرهەم دەهێنرێت:
-کێڵگەی نەوتی تاوکێ کە کۆمپانیان DNO نەرویجی بەرهەمی دەهێنیت رۆژانە ١٠٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
-کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە، رۆژانە ١١٥ هەزار بەرمیل نەوتی تیادا بەرهەمدەهێنرێت.
-کێڵگەی شێخان بڕی ٣٦ هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.
-کێڵگەی نەوتی ئەتروش بڕی ٤٤ هەزار بەرمیلی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.
-کێڵگەی ئاین سوفنی " هەولێر " بڕی ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.
-کێڵگەی نەوتی تەق تەق، بڕی ١٦ هەزار بەرمیلی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.
-کێڵگەی حەسیرەکە بڕی ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنریت.

کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژانەی هەرێم دەگاتە ٣٣٦ هەزار بەرمیل نەوت.

لە کۆی نەوتی هەرێم، بڕی ٣٨ هەزارو ٨٠٠ بەرمیلی دەدرێت بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم.

بەو پێیە رۆژانە هەرێم بڕی نەوتی فرۆشراو لە رێگای بۆری کوردستانەوە کەدەچێتە تورکیاو دەگەیەنرێتە بەندەری جیهان، دەکاتە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت.

-نەوتی هەرێم لەبەر کوالێتیەکەی هەر بەرمیلێکی دەفرۆشرێت بە ١٠ $ دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی نەوتی برنت.

-داهاتی تری ناوخۆی نزیکەی ١٢٥ ملیۆن دۆلار مانگانەیە کە زۆربەی داهاتی دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخ و حاجی ئۆمەرانە. هەروەها ئەمەریکا مانگانە خۆی ٢٥ ملیۆن دۆلار دابەشدەکات بەسەر چەند یەکەیەکی هێزی پێشمەرگەدا. بڕیارە حکومەتی عێراقیش مانگانە نزیکەی ٣١٧ ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان.( ئەو بڕە پارەیەی تا ئێستا حکومەتی بەغدا ناردوویەتی لە بودجەی ٢٠١٧ ی عێراقە).


بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو قەرزە دەرەکیانەی لە کۆی داهاتی هەرێم دەردەچێت، بەم شێوەیەیە:

-مانگانە بڕی ١٢٥ ملیۆن دۆلار دەدرێتەوە بە قەرزی ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی پێشتر " بە سەوزی " حکومەتی هەرێم پارەی لێوەرگرتوون و قەرزن بەسەر هەرێمەوەو مانگانە دەبێت بدرێنەوە.
-٢٥ ملیۆن دۆلار خەرجی گواستنەوەی نەوتە.
-٣٥ دۆلار مانگانە قەرز دەدرێتەوە بە حکومەتی تورکیا کە هەرێم لێی قەرزکردوون و تا ئێستا نازانرێت ئەو بڕە چەندە کە حکومەتی هەرێم لە تورکیای وەرگرتووەو چۆن خەرجکراوە، سەرچاوە نافەرمییەکانی حکومەتی هەرێم ئاماژە بۆ ١ یەک ملیار ٥٠٠ سەد هەزار دۆلار دەکەن، حکومەتی تورکیا ئاماژە بۆ ٤ ملیار دۆلار دەکات.

بەپێی بۆچوونی چاودێرانی بواری دارایی ئەگەر ئەم داتایانە راستبن، تا ئێستا نازانرێت بڕی ئەو نەوتە چەندە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، یان کۆمپانیاکانی هەردوو حیزبی حوکمڕان لە رێگای تەنکەرەوە دەیفرۆشن و دەیبەنە دەرەوەی هەرێمو داهاتەکەی دیار نییە.

هەروەها تا ئێستا نازانرێت ئەو بڕە پارەیەی حکومەت پێش وەخت لە کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت و لە حکومەتی تورکیای بەقەرز وەریگرتووەو، هەموو مانگێک حکومەتی هەرێم بۆ کۆمپانیاکان بڕی ١٢٥ ملیۆن دۆلاری دەداتەوەو قەرزی تورکیاش مانگانە ٣٥ ملیۆن دۆلاری لێدەدرێتەوە، چۆن وەرگیراون و بۆچی بەکارهێنراون؟
  



PM:10:10:30/03/2018