ئەمڕۆ لەمیانی کردنەوەی یەکێک لە گەورەترین هۆڵەکانی کوردستان و عێراق و بە بەشداری خۆبەخشانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ پلانی ستراتیژی ١٥ ساڵەی ڕاگەیاند.
پلانەکە بە ئامادەبوونی هەوادارانی و خۆبەخشان و لایەنگرانی جووڵانەوەکە لە شاری سلێمانی ڕاگەیەندرا.
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، وتەیەکی لەسەر پلانەکە پێشکەشکرد و وتی، بۆ یەکەم جار لایەنێک پێش ئەوەی بچێتە پەرلەمان و پێشئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات، پلانی ستراتیژی ڕابگەیەنێت.
وتیشی، "کەم هێزی سیاسی هەیە پلانی داهاتووی دوورمەودوای هەبێت، ئێمە لە نەوەی نوێ پێمان وایە دانانی بەرنامەیەکی ١٥ ساڵە، هەنگاوی گەورەیە".
جەختی لەوەشکردەوە، ئاشکراکردنی ئەم پلانە بۆ ئەوەیە هەموو لایەک بزانن، کار بۆ ئەوە دەکەن لوتکەی دەسەڵات بگرنە دەست.
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لایەنەکانی تر بۆ ئەوەی رکابەری نەوەی نوێ بکەن، دەبێ شتێکی جوانتریان هەبێت، لەبری ئەوەی دەمانچە بەسەر خەڵکیدا ببەخشنەوە.
وتیشی، نەوەی نوێ ئەخلاق دەگەڕێنێتەوە بۆ سیاسەت و نایەوێت درۆ لەگەڵ خەڵک بکات و وەکو حزبەکانی تر بەڵێنیان بداتێ پارەی نەوتیان بەسەر دابەش بکات، یان موچە بۆ کابانی ماڵ ببڕێتەوە.
دوای قسەکانی شاسوار عەبدولواحیدیش، راوێژکاری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید وتەیەکی پێشکەشکرد، پاشان هەموو لایەن و بەشەکانی پلانەکە خاڵ بەخاڵ ڕوونکرانەوە.