مەلا بەختیار هەفتەنامەی چاودێری داخست

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، داخستنی رۆژنامەی چاودێری ڕاگەیاند و لەبەرامبەریشدا دەڵێت " دڵنیاین شەش مانگی دیكە، قەرزەكانمان پێنادرێتەوە".

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە هاوكات سەرنوسەری هەفتەنامەی "چاودێر" بوو، لە وتارێكدا لەژێر ناوی "لە هەفتەنامەوە بەرەو ئەلكترۆنی نامە" راگرتنی هەفتەنامەكەی ڕاگەیاند و نوسیویەتی "خوێنەرانمان دەبورن، كە ئێمەش، گیرفانمان لەمە زیاتر بڕی نەكرد. نەشماندەتوانی فشار بخەینە سەر دارایی یەكێتی، چونكە قەیرانی دارایی یەكێتیشی زۆر ئازار داوە". 

مەلا بەختیار دەڵێت "ئەمە رۆژگارە و لەم دونیای قەیرانەدا، ئێمەش وەكو چاپەمەنی تر پەكی كاتیمان كەوت. كە دڵنیاین، (6) مانگی دیكە، قەرزەكانمان پێنادرێتەوە".

دەقی وتارەكەی مەلا بەختیار

لە هەفتەنامەوە بەرەو ئەلكترۆنی نامە

لەناو جیهانی رۆژنامەگەریدا (4/10/2004) هەفتەنامەی چاودێر، چاوی هەڵهێنا. لەوساوە (651) ژمارەی دەرچووە، بەمەش (13) ساڵ‌و (6) دانە مانگ، بێوچان دەرچێندراوە.

حزب، گروپ، حكومەت‌و كۆمپانیای جۆراوجۆر هەبون، پێش‌و پاش چاودێر، گۆڤارو رۆژنامەو هەفتەو مانگنامەیان دەركردو زوو خامۆش دەبون. بەڵام چاودێر، لەسەر پەیامی خۆی‌و سیاسەتی تایبەتی خۆی، وەكو هەفتەنامەیەكی رێباز ناڤینی رەخنەگری سیكولاریست، بەردەوام بوو.

ئێمە دەزانین، چاودێر، هەفتانە خوێنەرە وشیارو پەرۆشەكانی چاوەڕوانی بون، دیدی رەخنەو خەیاڵی ئەدەب‌و هزری فەلسەفەیان، پاراوی زانیاری‌و لێكدانەوەو مەعریفە بكات. 

بەڵام قەیرانی دارایی، ناچاری كردین، جارێ‌ وەكو رۆژنامەی هەفتانە، چاودێر چاوی لێكبنێ‌‌و بگوازینەوە بۆ رۆژنامەی رۆژانەی ئەلكترۆنی. بەڵێن دەدەین: لەم هەوارگە تازەیەشدا، هەر پابەندی پەیامی چاودێری هەفتانە بین‌و بشبینە سەكۆیەكی دڵخوازی ئازادی هەمان رێبازو هەمان پەیام، بەپێی رێسای رۆژنامەی ئەلكترۆنی، كە چ لەرووی تەكنیكەوە، چ لەرووی داڕشتن‌و شێوازی نوسینەوە، رۆژنامەی ئەلكترۆنی جیاوازە لە رۆژنامەی كاغەزیی!

خوێنەرانمان دەبورن، كە ئێمەش، گیرفانمان لەمە زیاتر بڕی نەكرد. نەشماندەتوانی فشار بخەینە سەر دارایی یەكێتی، چونكە قەیرانی دارایی یەكێتیشی زۆر ئازار داوە. ئەمە رۆژگارەو لەم دونیای قەیرانەدا، ئێمەش وەكو چاپەمەنی تر پەكی كاتیمان كەوت. كە دڵنیاین، (6) مانگی دیكە، قەرزەكانمان پێنادرێتەوە.

نەفرەتیش لە رۆژگار، یەك دزو قۆڵبرو گەندەڵ نیە دەوڵەمەندتر نەبوبێ‌، لەبەرامبەردا، موچەخۆر هەژارتر بون‌و چاپەمەنیەكانیش، یەك دوای یەك.. دەروازەی ناوازەی خۆیان دادەخەن.

ببورن خوێنەرانی ئازیز.. هەتا ئاشتتان دەكەینەوە چاودێر ئاوا!



PM:01:38:02/04/2018