عیزەت دووری پەیامێکی بڵاوکردەوە

عیزەت دووری ئەمینداری گشتیی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە لە 71یەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیدا پەیامێكی ئاگرینی بڵاوكردەوە، تیایدا هەڕەشە لە بەرپرسە سیاسییەكانی عێراق دەكات.

عیزەت دووری لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە دا كە "شەڕی ناچارەكی" ڕادەگەیەنن، ئەگەر تەواوی دەستگیركراوە عێراقییەكان ئازاد نەكرێن و كۆتایی بە دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی بەرپرسانی ڕژێمی لەناوچووی بەعسدا نەیەت.

هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی كرد كە ئەگەر یاساكانی ڕیشەكێشكردنی بەعس و قەدەغەكردنی حزبی بەعس هەڵنەوەشێتەوە، ئەوا دەستپێكردنی شەڕ ڕادەگەیەنن.

ئەمینداری گشتیی حزبی بەعسی هەڵوەشاوەی عێراق ئاماژەشی بەوەدا كە سعوودیە رووبەڕووی هەمان چارەنووسی پیلانگێڕی عێراق و سووریا و یەمەن دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو دۆخێكدا، ئەوان وەكو حزبی بەعس شان بەشانی سعودیە دەمێننەوە.

لەبارەی قەتەریشەوە وتی پێویستە سعودیە و تەواوی وڵاتانی كەنداو بزانن كە كەوتنی قەتەر مانای كەوتنی كەنداو و تەواوی نەتەوەی عەرەبە.



PM:09:26:08/04/2018