حکومەتی هەرێم بۆ نەوتی کەرکوک پێشنیارێک دەخاتە بەردەم بەغدا

سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند "هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لە بارەی ناردنی نەوتی كەركوك بۆ دەرەوە بەردەوامە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی ".

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەری دوارۆژی راگەیاندوە "وەك  هەرێم بیرۆكەیەكمان ئاڕاستەی بەغدا كردووەو لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە پێشوازی لە بیرۆكەكە كراوە".
لە بارەی ناوەڕۆكی ئەو بیرۆكەیەی حكومەتی هەرێم ئاراستەی بەغدای كردووە سەفین دزەیی  دەڵێت "  حكومەتی هەرێم پێشنیاری كردووە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە كەركووكەوە لە رێگەی بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە بكرێت و لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت و بڕی داهاتەكەش بگەرێتەوە خەزێنەی حكومەتی عێراقی تا گەلی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوه سود لە داهاتەكەی ببینن."
سپی زانیوویەتی ئەو پێشنیارەی حکومەتی هەرێم بەبێ بەرامبەر نییەو بەرامبەر گواستنەوەی نەوتی کەرکوک بە بۆری کوردستاندا حکومەتی هەرێم داوای ١٠٠ ملیۆن دۆلاری مانگانەی تر دەکات.

ئەگەر حکومەتی بەغدا بەم پێشنیارە رازێ بێت، ئەو دەمە ئەو پارەیەی بەغدا دەیدات بە حکومەتی هەرێم ئەو ١٠٠ ملیۆن دۆلارەش دەچێتە سەر ٣١٧ ملیار دینارەکەی بڕیارە بەغدا مانگانە بیدات بە هەرێم. 
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی ئاشكراكردوە كە، تا ئێستا هیچ كاتێك دیارینەكراوە تاوەكو شاندەكەی هەرێم بچێتە بەغدا، ئاماژە بەوەش دەكات، بۆ ناردنی نەوتی كەركوك لەگەڵ بەغدا نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی.



PM:07:03:09/04/2018