ڕێزان شێخ دلێر:مایەی شانازیمە سەرۆکی پەرلەمان بڵێت: ئەگەر رێزان دەنگی هەڵبڕی واتە دۆخی ژنان خراپە

پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق، رێزان شێخ دلێر رایگەیاند" مایەی شانازیمە کاتێک د. سەلیم جەبوری بڵێت: ئەگەر رێزان دەنگی هەڵبڕی ئەوا بارودۆخی ژنانی عێراق لە رەوشێکی خراپدایە".

رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی سپی دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەسەر ئەو ناهەقی و زوڵم و زۆرەی لە ژنانی عێراق دەکرێت، ئەم هەمیشە داکۆکی لێکردوون دەنگی بەرزکردۆتەوەو، هێندە لەو بوارەدا هەوڵی داوە، ئەو وێنەی لەلای د. سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان دروستکردووە کە ئەگەر رێزان دەنگی هەڵبڕی دیارە دۆخی ژنانی عێراق لە رەوشێکی خراپدایە. ئەو پەرلەمانتارە شانازی بەوە دەکات کە بەدرێژایی چوار سالێ رابردوو لێبڕوانە کاری بۆ ژنان کاری کردووە.

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاشکرای دەکات بۆ بەرگرتن لە پێشێلکردنی مافی ژنان و ئەو یاسایانەی دەردەچوون لە پەرلەمانی عێراق، لەوانە یاسای ناسراو بە " جەعفەری " سەردانی پیاوانی ئاینی و گەورە مەرجەعەکانی شیعەی کردووە بۆ ئەوەی ئەو یاسایە تێنەپەڕێت کە بەسەر کچانی هەشت ساڵەیدا دەسەپاند لە ٨ ساڵیدا بدرێت بە " شوو ".

ئەو ئاشکرای دەکات کە بۆ ئەو پرسە جگە لەپیاوانی ئاینی سەردانی زۆربەی سەفارەتەکانی وڵاتانی بیانی و عەرەبی و دراوسێکانیان کردووە، رێزان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بۆ پرسی ژنان و بەرەوپێشچوونی پرسی ژنان ئامادەبووە لە هەموو دەرگایەک بدات.

سەبارەت بە قەوارەی کورد لە بەغدا، رێزان شێخ دلێر پێیوایە ئەگەر هێزە سیاسیەکان لەنێوان خۆیاندا رێکنەکەون و شەقام یەک نەخەنەوە، بە دیدو هێزێکی یەکگرتووەوە نەچەنەوە بەغدا بەدڵنیایەوە قەوارەی کورد لە بەغدا کە ئێستا ٦١ کورسیە کەمدەکات و مافە دەستوریەکانی کورد زیاتر پێشێل دەکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە کە دەبێت نوێنەرانی کورد لە بەغدا هەر لە پەرلەمانتار و وەزیر و سەرۆکی کۆمار دەبێت کار بکەن بۆ جێبەجێکردنی مافە دەستوریەکانی کورد لە دەستوری عێراقدا.

ریزانی شێخ دلێر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە یاسایی بودجە، لە ١٧% بۆ نزیکی ١٢،٥% سزایەکی سیاسیە حکومەتی بەغدا و پەرلەمانی عێراق دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان پیادەیان کرد، سزادانێکە بەرامبەر ئەو ریفراندۆمەی لە هەرێمی کوردستان لە ٢٥ ئەیلولدا ئەنجامی دا. ئەو پێیوایە کەمکردنەوەی پشکی هەرێم بۆ لە ١٢،٥% سزادانی بەرپرسانی کورد نییە، بەڵکو سزادانی خەڵکی کوردستانە، ئەوە لەکاتێکدا وەک ئەو دەڵێت" لە دوای رووخانی سەدامەوە لە ٢٠٠٣ ەوە پشکی کورد لە بودجەی عێراق ١٧% بووە، بە ئێستاشەوە هیچ وەزارەتێک و دەزگایەکی حکومی بەوەزارەتی بازرگانیشەوە سەرژمێریەکی نوێیان نەکردووە تا لەبەر رۆشنایی ئەو سەرژمێریە بزانرێت رێژەی کورد لە عێراقدا چەندە"، ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەو کەمکردنەوەیە سزای خەڵکی کوردستانە بەرامبەر ریفراندۆم و ، سزایەکی سیاسیە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە لە خوارەوە..


 


ئه‌م بابه‌ته ‌2980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:39:10/04/2018