عەبادی پەیامێک ئاڕاستەی پەکەکە دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێک ئاڕاستەی پەکەکە دەکات و دەڵێت "ئەگەر ئێوە پەنابەرن لە عێراق کێشەمان نییە، بەڵام هەڵگرتنی چەک لە عێراقدا رێگای پێنادرێت".

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا ڕایگەیاند "هیچ بەرژەوەندییەکمان لەوەدا نییە، کە هاندان هەبێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا بکەوێتە مەترسییەوە، تورکیا وڵاتێکی دراوسێیە، هیچ ئاراستەیەکمان نییە پشتیوانی لە هیچ لایەنێک بکەین لە دژی تورکیا".

دەقی قسەکانی عەبادی

سەبارەت بە کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە لە شنگال نامەیەکی روونمان ئاراستەکردن ، ئێوە دەزانن ئێستا ئاراستەکە بە داماڵینی چەکە لە هەمووان و دەبێت چەک تەنیا لەدەست دەوڵەت بێت، پەیامێکی روونمان بۆ ناردن، کە ئێمە ئەو گروپانەی لە دەرەوەی دەوڵەتی عێراق چەکیان هەڵگرتووە دەبێت چەکەکانیان دابنێن، مەعقول نییە رێگەبدەین لە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریدا، گرووپی چەکداری سەر بە دەوڵەتی دیکە هەبن و چەک هەڵبگرن، ئێمە نامانەوێت بکەوینە جەنگ لەگەڵ هیچ کەسێک و لایەنێک و شەڕی بە وەکالەت بکەین، هەروەها دەستوورمان رێگانادات خاکی عێراق بەکاربێت بۆ ئەنجامدانی هیچ ئۆپەراسیۆنێک لە دژی هەر وڵاتێکی دیکە لە نێویشیاندا توورکیا .

وەک دەزانن پەکەکە لە مێژە لە عێراق بوونیان هەیە و نوێ نییە، بەڵکو سی بۆ چل ساڵە ، ئەگەر ئەمانە پەنابەرن لە عێراق کێشەمان نییە لەڕووی مرۆییەوە، بەڵام هەڵگرتنی چەک لە عێراقدا رێگای پێنادرێت، بۆیە داوامان لێکردن لەماوەی زۆر کەمدا لە شنگال بەتەواوی بکشێنەوە. هاووڵاتیانی عێراقی لە شنگالن، رێگا نادرێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چەک هەڵبگیرێت، بەڵام ئەمانە هاووڵاتی عێراقین، دەزانن کێشەکە لەگەڵ هەندێک لایەن بەتایبەتی تورکەکان ئەوەیە، کەسانی عێراقی هەن رەنگە نزیکبن لە پەکەکە ئەمە لە رووی سیاسییەوە، لە رووی لایەنی بیروباوەڕەوە دەستوەردان ناکەین و لەسەر بیروباوەڕەکانیان لێپرسینەوە لەگەڵ هاووڵاتیان ناکەین، بەڵام لەسەر کارەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ناکرێت چەک هەڵبگرێت و ئاڵای رێکخراوێکی ناعێراقی هەڵبکات، ئەمە ئاراستەی ئێمەیە، ئێوە بەیاننامەیەکی ئاشکراتان بینی کە دەرکرا و تێیدا راگەیاندرا ئێستا بەرپرسیاریەتییەکە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقییە، پێشتر ئەو ناوچانە لە دەست داعش بوو، بۆیە حکومەتی عێراقی پارێزگاری لە ئێزدی و ناوچەکانی دیکە دەکات، بۆیە ئەمانە بڕیاری کشانەوەیان دا.

ئێمە دووپاتیی دەکەینەوە، کە هیچ بەرژەوەندییەکمان لەوەدا نییە، کە هاندان هەبێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا بکەوێتە مەترسییەوە، تورکیا وڵاتێکی دراوسێیە، هیچ ئاراستەیەکمان نییە پشتیوانی لە هیچ لایەنێک بکەین لە دژی تورکیا ، ئێمە بەرژەوەندیمان هەیە ، سەروەری عێراق گرنگە، من هەندێک راپۆرتم بەدەست گەیشتووە، کە باس لەوەدەکەن هێزەکانی تورکیا هاتوونەتە نێو خاکی عێراق ، ئەمە هیچ بوونێکیان نییە، هیچ هێزێکی تورکی نەهاتووەتە نێو خاکی عێراق، ئێستا قسەی تازە دەکرێت، کە سوپای تورکیا هاتووەتە نێو خاکی عێراق، ئەگەر باسی ئەوە بکرێت هەر لەکاتی جەنگی عێراق و ئێران و 35 ساڵ لەمەوبەر لە چیاکانی هەرێمی کوردستان، ئەمە شتێکی دیکەیە، هاتنی سوپای نوێی تورکیا بۆ نێوخاکی عێراق بوونی نییە، تەنانەت هیچ کۆکردنەوەیەکی هێزی سەربازی بوونی نییە لەسەر سنووری عێراق-ئێران.

هەندێک لایەن هەیە هەواڵ بڵاودەکەنەوە و بوونەتە ماددەیەکی میدیایی، باسی ئەودەکەن ئەم زانیارییانە دروستن ، بەڵام لەسەر زەویدا هیچ شتێک بوونی نییە.

ململانێ لە ناوچەکەدا هەیە ئەمە روونە، بەرگری لە سەروەری عێراقی دەکەین، بۆیە داوا لە هەموو وڵاتانی دراوسێ دەکەین رێز لە سەروەری عێراق بگرن و دەشمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ هەبێت.



PM:09:26:10/04/2018