وەفدێکی بالآی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەن

بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا وەفدێکی بالآی حکومەتی هەرێم بە سەردانێکی فەرمی بچنە بەغدا و لەگەڵ عەبادی سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی تر لە بەغدا کۆببنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" وەفدی حکومەتی هەرێم لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و چەند وەزیرێکی تریش بەشداری وەفدەکە دەکەن".

بەپێی ئەو زانیاریانە دەست سپی کەوتووە وەفدەکە لەسەر پرسی نەوت و رێککەوتن لەسەر ناردنی نەوتی هەردوو کێڵگەی هاڤانا و بای حەسەنی کەرکوک گفتوگۆ دەکەن، کە هەردوولا خەریکە دەگەنە لێکتێگەیشتنێک نەوتی ئەو دوو بیرە کە نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەیە لە بۆری نەوتی کوردستانەوە بنێردرێت.

وەک سپی زانیوویەتی بەرامبەر ناردنی نەوتی ئەو دوو بیرە لە رێگای بۆری کوردستانەوە، حکومەتی هەرێم داوای زیادکردنی بڕێکی بەرچاو لە پارەی تر دەکات کە بخرێتە سەر ئەو ٣١٧ ملیار دینارەی تا ئێستا جارێک حکومەتی بەغدا رەوانەی هەرێمی کردووە، بەپێی زانیاریەکانی سپی حکومەتی هەرێم داوای زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار مانگانە دەکات.

هەروەها وەفدی حکومەت دەیەوێت لەو کۆبوونەوەیەدا بەتەواوی لەوە دڵنیابێت کە حکومەتی بەغدا مانگانە پابەند دەبێت بەو ٣١٧ ملیار دینارەوە کە پێویستە مانگانە بەغدا بینێرێت.

وەک سپی زانیویەتی هەڕەشە سەربازیەکانی تورکیا بۆسەر هەرێم یەکێک دەبێت لەو پرسانەی تر کە لە کۆبوونەوەی بەغدا و هەرێم گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.




AM:11:30:11/04/2018