ترەمپ و ئەردۆغان پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

دۆناڵد ترەمپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد.

ماڵپەڕی دەیلی سەباحی تورکی بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکەدا هەریەکە لە سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا تورکییەکەی باسیان لە هێرشە کیمیاییەکەی دوما و دۆخی سووریا کردووە.

لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا، ئەمە سێیەم جارە کە دۆناڵد ترەمپ و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجام بدەن.

پەیوەندییەکەش لەکاتێکدایە کە هەریەکە لە ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر سووریا دەکەن، دوای هێرشە کیمیاییەکەی دوما کە کوژران و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی لێکەوتەوە.

هەریەکە لە مۆسکۆ و دیمەشقیش ڕەتیدەکەنەوە دەستیان لە ئەنجامدانی هێرشەکەدا هەبووبێت و دەڵێن، هێشتا نەسەلمێنراوە کە هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر دوما.



AM:09:32:12/04/2018