ماکرۆن: بەڵگەمان لە بەردەستە کە چەكی كیمیایی لە سووریا بەكارهاتووە

سەرۆكی فەڕەنسا رایگەیاند، بەڵگەیان لە بەردەستدایە دەیسەلمێنێت چەكی كیمیایی لە سووریا بەكارهاتووە، وتیشی، "پێویستە ئامادەكاری بكرێت بۆ قۆناغی راگوزەری سیاسی بۆ سیستمێكی ئازاد كە نوێنەرایەتی هەموو كەمینەكانی سوریا بكات".

ئیمانوێل ماكرۆن، لە میانی بەشداریكردنی لە پەخشی راستەوخۆی كەناڵی TF1 فەڕەنسی وتی، بە چاوی خۆیان دەبینن ژنان و منداڵان لە سوریا لە هەلومەرجێكی زۆر دژواردا گیان لەدەست دەدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە رەچاوی یاسا نێودەوڵەتییەكان بكرێت لە سوریا وتیشی، "بەڵگەمان لە بەردەستە دەیسەلمێنێت چەكی كیمیایی لە سووریا بەكارهاتووە".

ماكرۆن رونیكردەوە، "پێویستە ئامادەكاری بكرێت بۆ قۆناغی راگوزەری سیاسی بۆ سیستمێكی ئازاد كە نوێنەرایەتی هەموو كەمینەكانی سووریا بكات، تەنها بەمجۆرە ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەكەدا دەكێشێت".

هەریەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا حکومەتەکەی ئەسەد تۆمەتبار دەكەن بە ئەنجامدانی هێرشە كیماییەكە و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش دەكەن بۆ سەری، بەڵام روسیا بەرگری لە حكومەتەكەی بەشار ئەسەد دەكات و رێگرە لە بەردەم لاچوونی لە دەسەڵات.


ئه‌م بابه‌ته ‌1120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:01:12/04/2018