وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی: ئەوانەی جگە لە یەکێتی بۆ لیستێکی تر کاردەکەن دەردەکرێن

وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی وتی، یەکێتی بڕیاریداوە هەر کەسێک کار بۆ لایەنێکی تر بکات دەردەکرێت، لیستی ناوی ئەو کەسانەش لای لیژنەی باڵای ئامادەکاریی هەڵبژاردنە.

لەتیف نێروەیی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەند و لیژنەی باڵای ئامادەکاری هەڵبژاردن بە سەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەنجامیدا، وتی، ئەوانەی لەسەر لیستێکی تر خۆیان کاندید کردووە یاخود کار بۆ لیستێکی تر دەکەن جگە لە لیستی یەکێتی، هەر پلە و پۆستێکیان هەبێت دەردەکرێن و تەواوی ئیمتیازات و موڵکەکانیان لێوەردەگیرێتەوە.

سەبارەت بە کاریگەریی ئەو بڕیارەش لەسەر دەنگ و پێگەی یەکێتی، وتی، "یەکێکی بڕیاریداوە رێوشوێن بگرێتەبەر، ئەمەش دەبێتـە هۆکاری ئاشتکردنەوەی ئەوانەی نیگەرانن، ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە و دەبێتە هۆی زیادکردنی دەنگی یەکێتی لە هەڵبژاردنی داهاتوو".

هەر بەوتەی لەتیف نێروەیی "یەکێتی خۆی رێکخستووە لە هەموو بوارەکاندا و وەکو یەک تیم کار بۆ هەڵبژاردنەکان دەکات، هەروەها پەیامێکی هێمنانەی هەیە و زمانی زبر بەکارناهێنێت، بەڵام ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر ناچارە بەرگری لە خۆی بکات".

لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردووشدا، مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی ژمارەیەک جێگری بەرپرسی مەڵبەند و کادیری لە دهۆک و کەرکوک و گەرمیان دەکرد، بە هۆی ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن کاریان بۆ لایەنێکی تر کردووە.



PM:01:42:13/04/2018