یەکێتی ئاڵا تاڵەبانی سڕکرد

وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی ڕایدەگەیەنێت" ئالا تاڵەبانی کارەکانی لەناو یەکێتیی، تا به‌ستنی کۆنگرە سڕ دەکرێت".
 
سەعدی پیرە، وتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "مەکتەبی سیاسی لە کۆبوونەوەی پێشتری بڕیاری داوە " ئەو کەسانەی پلە و پایەیان لە ناو دامەزراوەکانی حزب و حکوومەت لەسەر حسابی یەکێتیی هەیە و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لەسەر قەوارەیەکی دیکە خۆیان کاندید کردووە، ئەوا کۆتایی بە ئەندامێتییان لە ناو یەکێتییدا دێت، چونکە نابێ بە ئیمکانییەتی یەکێتیی کاندیدی قەوارەیەکی دیکە بن".
 
پیرە لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی فەرمانی بە کۆتایی پێهێنانی ئەندامێتی ئەوانە هیناوە کە ناوەکانیان بڵاو کراوەتەوە، جگە لەوەش ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی مەکتەبی ڕێکخستنن ده‌سته‌یه‌ك لەناو مەکتەبی سیاسییان بۆ دانراوە و کۆتایی بە ئەندامێتی ئەوانیش دێ، ئەو کەسانەی ئەندامی سەرکردایەتیشن چالاکی و کارەکانیان تا کۆنگرە سڕ دەکرێت: "له‌ كۆنگره‌ بڕیاری لەسەر دەدرێت".

دەربارەی (ئاڵا تاڵەبانی) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کە لەسەر لستێکی عەرەبی سونی خۆی کاندیدکردووە، پیرە دەڵێت: ”ئاڵا تاڵه‌بانی تا بەستنی کۆنگرەی یه‌كێـی سڕ دەکرێت، چونکە کۆنگرە ئەوی هەڵبژاردووە و ئەبێ ئەویش ئەندامێتی لێ وەربگرێتەوە".
 
باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌ فشارێکی زۆر لەسەر سەرکردایەتیی یەکێتیی هەیە بۆ وەرگرتنەوەی ماڵ و موڵکی یەکێتیی لەو کەسانەی کە چوونەتە ناو لیستێکی دیکە ، ئەم بابەتەش بە قسەیەک و بڕیارێک کۆتایی پێ نایەت، بەڵکوو دەبێ کۆبوونەوەی لەسەر بکرێت، ”بەدڵنیاییەوە بڕیاری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی دەوێ بۆ هەر کەس و بابەتێك".
 



PM:07:29:13/04/2018