تێرێزا مەی ئامانجی هێرشکردنە سەر سوریا ئاشکرادەکات

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئامانجی بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە هێرشی سەر سوریا وەڵامێک بووە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی تکیمیایی سوریا، نەک گۆڕینی دەسەڵات لەو وڵاتە.

تێریزا مەی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا فەرمانیان پێدراوە هێرش بۆ لاوازکردنی توانای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا ئەنجامبدەن".

وتیشی "بەریتانیا  پێشتر لە ڕێگەی پەیوەندی دیپلۆماسییەوە هەموو هەوڵێکی داوە تا کۆتایی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا بهێندرێت بەڵام هەوڵەکان بە بەردەوامی شکستییان خواردووە و جگە لە بەکارهێنانی هێز هیچ بژاردەیەکی دیکە نەبووە".

ئاماژەی بەوەشدا "ئامانج لەو ئۆپراسیۆنەی کە ئەنجامدراوە گۆڕینی دەسەڵاتی حکومەتی سوریا نیە بەڵکو هێرشێکی سنوردار و بەئامانجگیراوە و پەیامێکی ڕوونە بۆ هەر کەسێک کە بڕوای وابێت دەتوانێت چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت و لە سزاکان خۆی دەربازبکات".

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا هێرشی سەربازیان بۆ سەر ژمارەیەک فڕۆکەخانە و پێگەی سەربازی و دامەزراوەی کیمیایی سوریا ئەنجامدا.


ئه‌م بابه‌ته ‌970 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:59:14/04/2018