ئیسرائیل پشتیوانی بۆ ترەمپ دەربڕی

سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل پشتگیرى وڵاتەکەى بۆ هێرشەکەى ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا بۆ سەر سوریا ڕاگەیاند و دەڵێت "ئێمە لەگەڵ ترەمپین".

بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، ئێمە پشتگیرى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکاین لەبارەى بەکارهێنانى چەکى کیمیایی لە سوریا و دەڵێت "بەشار ئەسەد لە بەکارهێنانى چەکى کۆمەڵکوژدا بێ کۆنتڕۆڵە".

ناتانیاهۆ ئاماژەى بەوەشکرد، ئەسەد ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان ناگرێت و ڕێگە بە ئێران دەدات کە بارەگاى سەربازى لە سوریا بکاتەوە کە هەموو ئەمانە سوریا دەخەنە نێو مەترسییەکى گەورەوە.

لەلایەکى دیکەوە ئاژانسى میهرى ئێرانى ئاشکرایکردووە، چەندین تانکی ئیسرائیلی لە جۆری "مێرکاو ئێم کەی ٤" ئەمڕۆ بەرەو بەرزاییەکانی "جۆلان" ڕۆیشتوون.

پێشتر سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاند، واشنتۆن تەل ئەبیبی لە کاتى هێرشەکان بۆسەر سوریا ئاگادارکردووەتەوە.



PM:11:09:14/04/2018