ئەمریكا ووردەكاری هێرشەكەی بۆ سەر سوریا ئاشكرادەكات

وتەبێژی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای ئەمریكا وووردەكاری هێرشی سەر سوریا ئاشكرادەكات و ڕایگەیاندووە، ئەمریكا، بەریتانیا و فەڕەنسا ١٠٥ مووشەكیان ئاڕاستەی ئامانجەكانی سەر بە رژێمی سووریا كردووە.

كینس ماكینز، وتەبێژی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ دانا وایت، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پنتاگۆن"، وردەكاری ئەو هێرشەی بڵاوكردەوە كە لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسا ئەنجامیاندا وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە دوما.

ماكینز باسی لەوە كردووە، كە بۆ سێ ئامانج كە بۆ هێرشەكە هەڵبژێردرابوون لە پاڵ بەشداریكردنی تێكشكێنەر و ژێردەریاییەكانی ئەمریكا كە لە دەریای سوور، كەنداوی بەسرە و دەریای ناوەڕاست جێگیركراون، فڕۆكە بۆردومانەكانی B-1B بەشداریان كردووە، ئەوە جگە لەوەی كە كەشتییەكی جەنگیی فەڕەنسی و فڕۆكە جەنگییەكانی رافالی و میگراجی سەر بە فەڕەنسا بەشداریان لە هێرشەكەدا كردووە، لەگەڵ فڕۆكەی جەنگیی جۆری تۆڕنادۆ و تایفونی بەریتانی.

جەنەراڵ ماكینز ئەوەیشی خستووەتەڕوو، كە لەو هێرشەدا و لەو كەشتیە جەنگییەی لە دەریای سوور جێگیركراوە ٣٠ مووشەكی تۆماهۆك ئاڕاستە كراوە، لەگەڵ حەوت مووشەكی تۆماهۆك لە تێكشكێنەرەكانەوە، ٢٣ مووشەكی تۆماهۆك لەو كەشتییە تێكشكێنەرەی لە كەنداوی بەسرە جێگیركراوە، شەش تۆماهۆك لە كەشتی ژێردەریایی "USS John Warner” كە لە دەریای ناوەڕاست جێگیركراوە، هەروەها سێ مووشەكی كروز لە كەشتی جەنگیی فەڕەنسیەوە.

هاوكات ماكینز باسی لەوەش كردووە، كە ئەمریكا لەو هێرشەدا ١٩ مووشەكی ستاندۆفی هاوبەشی ئاسمان بە زەوی (JASSM)ی لە فڕۆكە بۆردومانەكانی جۆری B-1Bەوە ئاڕاستە كراوە، فڕۆكە بەریتانیەكان هەشت مووشەكی سێبەری گەردەلول و فرۆكە فەڕەنسییەكانیش نۆ مووشەكی SCALPیان هەڵداوە.

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكانیدا، ماكینز باسی لەوە كرد كە ٧٣ مووشەك ئاڕاستەی ناوەندی پەرەپێدانی توێژینەوەی چەكی كیمیایی بەرزە كراوە لە دیمەشق و، گوتی: "ئەوە چەندین ساڵ بەرنامەی چەكی كیمیایی سووریای بردە دواوە.

هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە هێرشمان كردووەتە سەر سێ بینا لە یەكێك لە قەرەباڵغترین ناوچەكانی دیمەشق كە یەكێكە لە ئارامترین كایەی ئاسمانی جیهان".

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمریكا راشیگەیاند كە گازی كیمیایی و دەمار لە دامەزراوەی بەرزە ھەبووە و لەو ئامانجەش رەچاوی دزەپێنەكردنی كیمیایی كراوە و وتی كە ٢٢ موشەكیان ئاراستەی كۆگای چەكی كیمیایی ھەمشینكار لە شاری حومس كردووە، ھاوكات حەوت مووشەكی جۆری SCALP-یش ئاراستەی حەشارگەیەكی دیكەی چەكی كیمیایی لە ھەمان ناوچە كراوە. 

ماكینز بانگەشەی ئەوەشی كردووە كە رژێمی سووریا ٤٠ مووشەكی بەرگری ئاسمانی ھاویشتووە، بەڵام ھیچ یەك لەمانە نەیتوانیوە رێگری لە مووشەكەكانی ئەمریكا بكەن. 

ھەرچەندە ئەمریكا بانگەشەی ئەوەی كرد كە ھەماھەنگی لەگەڵ سووریا و رووسیا نەبووە، بەڵام لەلایەكی دیكەوە بانگەشەی ئەوە دەكرێ كە پێش بۆردومانەكە رژێمی ئەسەد گشت ئەو ناوچانەی چۆڵكردووە كە لەلایەن ئەمریكاوە كراونەتە ئامانج. 

ماكینز لەبارەی پرسیاری ئەوەی كە ئایا رژێمی ئەسەد پێشوەختە ئەو ناوچانەی چۆڵكردووە كە كراونەتە ئامانج؟ وتوویەتی "لەوانەیە چەندین كەس لەو ناوچانە پێشوەختە گواسترابنەوە. بەڵام ئێمەش بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زۆری خەڵك نەكوژین، كاتژمێر ٤ ھێرشەكەمان ئەنجامداوە". 

ماكینز ئاشكراشی كرد كە ھیچ ھەماھەنگییەكیان لەگەڵ رووسیا نەكردووە و لەو ھێرشانەشدا سیستەمی بەرگری مووشەكی ئاسمانی رووسیا كار پێ نەكراوە. 

لەلایەكی دیكەوە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، دانا وایت، لە كۆنگرەكەدا رایگەیاندووە كە ئەو ھێرشە ئاسمانییەی لەلایەن ئەمریكاوە سەركردایەتی كراوە، بە تەواوی سەركەوتوو بووە و گشت ئامانجە دیاریكراوەكان بە تەواوی پێكراون. 

وایت ئەوەشی خستوەتەڕوو كە قۆناغی داھاتوو پەیوەست دەبێ بە رژێمی ئەسەد  و وتوویەتی"دوێنێ شەو پەیامێكی روونمان نارد، ھیوادارین ئەو (بەشار ئەسەد) ئەمەی بیستبێ".



AM:09:18:15/04/2018