نەوەی نوێ: ژمارەیەك چەكداری پارتی هەڵیانكوتاوەتە سەر بارەگاكەمان لە سۆران

بەرپرسانی نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنن ئەمشەو "لەلایەن چەكدارانی پارتیەوە" لە سۆران هێرشكراوەتە سەر بارەگاكەیان و بەرپرسی سەرچاوە مرۆییەكانی نەوەی نوێش دەڵێت "پارتی دەستیكردەوە بە حەملەی ترسنۆكانەی خۆی".

هونەر جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی نەوەی نوێ لە سۆران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، بە مەبەستی رێگری لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستی نەوەی نوێ، ئەمشەو "ژمارەیەك چەكداری پارتی هەڵیان كوتاوەتە سەر بنكەیەكی نەوەی نوێ لە سۆران و دەستیان بەسەر كەل و پەل و بنكەكەدا گرتووە".

هاوكات سەركەوت شەمسەدین، بەرپرسی سەرچاوە مرۆییەكانی نەوەی نوێ ڕاگەیاند، "پارتی دەستیكردەوە بە حەملەی ترسنۆكانەی خۆی ئەویش بە هەڵكوتانە سەربنكە و بارەگای ئەو نەیارانەی كە زۆر لێیانتۆقیوە، بەتایبەتی لە كاتە هەستیارەكانی وەك بانگەشەی هەڵبژاردن".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەم هەوڵە ترسنۆكانەیەی پارتی زیاتر خۆبەخشانی نەوەی نوێ و هاوڵاتیانی دەڤەری سۆران و ناوچەكانی تری كوردستان سوورتر دەكات بۆ پشتیوانیكردنی لیستی نەوەی نوێ و بەدیهێنانی گۆڕانكاری گەورە لەمساڵدا".

سەركەوت شەمسەدین وتیشی، "پارتی دەزانێت لەم هەڵبژاردنەدا نەوەی نوێ چ زەبرێكی كوشندەی لێدەدات بۆیە ئەو كارانە دەكات و لە ١٢ی ئایاریش پارتی وەڵامی خۆی وەردەگرێتەوە".



AM:10:20:15/04/2018