سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا کوژرانی فەرماندەی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستانی بیرداڵ بورهانلی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەپێی بەیاننامەیەک کە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، ئەو فەرماندەیە لە بۆردومانێکدا بۆسەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کوژراوە.
سەرۆکایەتی ئەرکان ئاشکرای دەکات '' لە هێرشیکی ئاسمانیدا لە هەرێمی کوردستان بۆسەر بنکە و بارەگانی پەکەکە، بیردال بورهانلی فەرماندەی باڵای پەکەکە کوژرا کە ناوی لە لیستی تیرۆریستاندایە و یەکێک بووە لە بەرپرسە مەترسیدارەکانی ئەو حزبە''.
تا ئێستا پەکەکە لەسەر شەهیدبوونی ئەو فەرماندەیان هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردۆتەوە.
بەپێی زانیاریە رۆژنامەوانییەکان تورکیا لە پلانیدایە هێرشێکی بەرفراوان و ماوە درێژ بکاتە سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، ماوەی دوو هەفتەیە سووپای تورکیاو فڕۆکە جەنگیەکان بە قورسی بۆردومان ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان دەکەن و رۆژ بەرۆژ ژمارەی کوژرانی مەدەنی لە هەڵکشاندایە، لەسەر کوژرانی پەکەکەش، ئەو رێکخراوە کەمتر زانیاری لەسەر زیانە گیانییەکان بڵاودەکاتەوە.