فەرەنسا: ئەمەریکامان رازی کرد لە سوریا بمێنێتەوە
سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند، توانیویانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕازی بکەن بە هێشتنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا.
ئیمانویل ماکرۆن دەڵێت "ترەمپ ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند، دەیەوێت پاشەکشە بکات لە سوریا، بەڵام ئێمە توانیمان ڕازی بکەین بە مانەوەی".
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستوەردان لە سوریا کارێکی دروست بووە کە بە ناوی کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوسیا ڕێگری دروستکردووە بۆ بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیەتی گەیاندە لاوازی و بێدەسەڵاتی.
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا سەرۆکی فەرەنسا وتی "لە ئێستادا خۆمان بۆ چارەسەرێکی سیاسی ئامادە دەکەین لە سوریا، ئامانجی کۆتایی قۆناغێکی ڕاگوزەرە و لە بنەڕەتیشەوە ڕوسەکان ئەو پێشنیارەیان کردووە".
سەبارەت بە ڕۆڵی ئێرانیش ماکرۆن جەختیکردەوە، پێویستە لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆ بکرێت، چونکە لە ڕێگەی میلشیا شیعەکانەوە ئێران بوونی سەربازییانەی هەیە لە سوریادا.
AM:12:32:16/04/2018