کۆبونەوەکەی پەرلەمان و حکومەت لەسەر یاسای چاکسازیی خانەنشینی و مووچە دواخرا

بۆ جاری سێیەم کۆبوونەوەکەی‌ پەرلەمان و حکومەت و لیژنەی‌ دارایی و یاسایی پەرلەمان، کە بڕیاربوو لەسەر دەرماڵە و خانەنشینی لەگەڵ وەزیری دارایی ئەنجامبدرێت، بۆ کاتێکی‌ نادیار دواخراوە.

به‌هار مه‌حمود، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌"سپی" راگه‌یاند: بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆۆ كۆبوونه‌وه‌یەک لە نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و لیژنەی‌ دارایی و یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە، بەڵام بۆ کاتێکی ناردیار دواخراوە".

وتیشی،"هۆکاری دواخستنی کۆبونەوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پێدەچێت پەیوەندی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە هەبێت".

جێی ئاماژەیە رۆژی٢٧ى شوباتی 2018 پەرلەمانی کوردستان پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵەى پەسەند کرد کە لە ٢٣ ماددە پێکهاتووە، بەڵام دواتر سەرۆکایەتی پەرلەمان یاساکەی پەسەند نەکرد، ئەوەش بەهۆی دروستبوونى ناڕەزایی لەسەر چەند ماددەیەکى پڕۆژەکەو گەڕاندییەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستى هەموارکردنەوەى.

هەفتەی رابردووش سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ حکومەت کۆببنەوەو گفتوگۆ لەبارەی یاسایی چاکسازی لە دەرماڵە و خانەنشینی و موچە بکەن و دوبارە داڕشتنەوە لە هەندێک لە بەندەکانى یاساکەدا بکەن، بەڵام ئەوە بۆ سێیەمین جارە ئەو کۆبوونەوەیە دوادەخرێت.



AM:10:58:16/04/2018