پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەک لە پاسەوانانی دادگا و فەرمانگە حوكمی و حزبیەكان، گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامداو داوایانکرد کە بە سیستەمی نوێی پاشەكەوت موچەكانیان پێ بدرێت.
پاش ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان وفەرمانبەران دژی سیستمی پاشەکەوتی موچە،لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە سیستمی پاشەکوتی موچە کەمکراوەتەوە بۆ رێژەی %30 و لە رۆژی بریارەکەوە موچە بەو سیستمە نوێیە دابەش دەکەن، بەڵام ئەو توێژە تا ئێستا بە سیستەمی پاشەكەوت موچەكانیان پێ دەكرێت.
ئەو پاسەوانانە کە لە بەردەم دادگای گەرمیان لە شاری كەلار گردبونەوە رایانگەیاند، کە پێویستە ئەوانیش هاوشێوەی فەرمەنگەکانی دیکە موچەكانیان دەستكاری بكرێت.
خۆپیشاندەران ئەوەشیان خستەڕوو، موچەی پاسەوانەكانی سەرۆكی حكومەت لەسەر زێرەڤانیە و پاسەوانەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەسەر بەرگری و فریاكەوتنە، بۆیە ئەوان سیستەمی پاشەكەوت نەیگرتونەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ بۆ هەمان مەبەست پاسەوانی دادوەران و وەزیرەكان بەهۆی ئەوەی %65 ی موچەكەیان پاشەكەوت كراوە لەبەردەم داگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر گردبوونەوەو یەكێك لەو پاسەوانانەی هەولێر بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "چەند ساڵ بەشداری شەڕی داعشمان كرد ئێستا نازانین ئێمە پێشمەرگەین یان چین؟ وەك هیچ كەس حسابمان بۆ ناكرێت، لەگەڵ هەر بەرپرسێكیش قسە دەكەین گوێمان بۆ ناگرێت".
هاوكات بەهۆی گردبونەوەكەوە كارەكانی دادگاكە وەستا و بەوهۆیەشەوە كێشە لەنێوان ئەو هاوڵاتیانەی بۆ بەڕێكردنی مامەڵەكەیان ڕوویان لە دادگاكە كردووە لەگەڵ ئەو كەسانەی گردبوونەوەیان كردووە دروست بوو.