وەفدێکی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری پلادانان سەردانی تورکیای کردووەو لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د. عەلی سندی، وەزیری پلاندانان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە (کۆنگرەی جیهانیی ئیدارەدانی کارسازی) کردووە کە ڕۆژانی ١٦ تا ١٩ی نیسانی ٢٠١٨ لە شاری ئیستەنبۆڵ بەڕێوە دەچێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە" لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانان، لەگەڵ نیهات زەیبەکچی، وەزیری ئابووریی تورکیا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتیی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق لەگەڵ تورکیا کرد".
هەروەها ئەو وەفدە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا تەیب ئۆردوغان کۆبوونەتەوە.
هەر لە یەکەمین ڕۆژی کۆنگرەکەدا، وەزیری پلاندانان ژمارەیەک کۆبوونەوەی دیکەی لەگەڵ بەشداربووانی کۆنگرەکە ئەنجام داوە.
لە دوای ریفراندۆمە ئەمە یەکەمجارە بە ئاشکرا وەفدێکی حکومەتی هەرێم سەردانی تورکیا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبێتەوە، هەرچەندە پێشتر باسی سەردانی نهێنی وەفدی کوردی بۆ ئەو وڵاتە دەکرێت، بەڵام بەدووربووە لە رووپێوی راگەیاندنەکان.