پەرلەمانتارێکی پارتی: هیچ گەرەنتیەک نییە بۆ بەردەوامبوونی ناردنی مووچەی هەرێم لە بەغداوە

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەنێت " بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری ”کەسی و مەزاجی"ن و ھیچ گەرەنتییەک بۆ بەردەوامبوونی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نییە.

 نەجیبە نەجیب، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی باسنیوز رای گەیاندووە: "بەردەوامی مەترسی لەسەر ناردنی بڕی ٣١٧ ملیار و ٥٤٥ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە ئارا دایە".

ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی ھەرێمی کوردستان، ”بڕیاری کەسی و مەزاجین و کار بە بنەما یاساییەکان ناکرێت، ھەر بۆیە بەپێی بەرژەوەندیی تایبەت و حزبی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد کە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بووە. وتیشی: ”ھەر کاتێک بڕیارەکانی لە بەرژەوەندیی ئەو گرووپە بێت کە دروستی کردووە، ئەوا لەسەری بەردەوام دەبێت، ھەر کاتێکیش بزانێت لە بەرژەوەندیی حزبەکەیدا نییە، لە بڕیارەکەی پاشگەز دەبێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردەوە: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشتر چەندینجار پابەندبوونی خۆی بە دەستوور و یاسای عێراق نیشان داوە، بەڵام لەبەر نەبوونی ھیچ نیازێکی باش لەلایەن عێراقەوە، تاکوو ئێستا نەتواندراوە بەپێی بنەما یاساییەکان، ڕێککەوتنێک بکرێت".
 
حکومەتی هەرێم مانگی رابردوو بڕی ٣١٧ ملیار دیناری لە عێراق وەرگرت و لای خۆیەوە دەستکاری سیستەمی پاشکەوتی مووچەی کردو بڕینی بڕی مووچەی کەمکردەوە. 


ئه‌م بابه‌ته ‌4972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:20:16/04/2018