ئایا کاندیدە ناسراوەکەی قەوارەکەی بەرهەم ساڵح لە خۆ کاندیدکردن کشاوەتەوە؟

میدیاکانی پارتی هەواڵی کشانەوەی کەسایەتی دیاری قەوارەکەی بەرهەم ساڵح لەهەولێر، فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی بڵاودەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە فەیسەڵ کەریم خان برادۆست لەو بوارەدا هیچ زانیارییەکان بڵاونەکردۆتەوە.

ئەمڕۆ هەردوو میدیای پارتی وشەو و کوردستان ٢٤ هەواڵی کشانەوەی کاندیدی ژمارە ٤ قەوارەی هاوپەیمانی بەرهەم ساڵح کە کوڕی کەسایەتی ناسراوی کوردستان کەریم خانی برادۆستە بڵاوکردەوە.

بەپێی هەندێک زانیاری رۆژنامەوانی کە دەست سپی کەوتووە، بنەماڵەی بارزانی لە رێگای پەیوەندی خۆیان بە خانەوادەی کەریم خانی برادۆستەوە، فشارێکی زۆریان خستۆتە سەر ئەو بنەماڵەیە تا کوڕەکەیان، فەیسەڵ کەریم خان لەو لیستە بکشێتەوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ئەو بنەماڵەیە و فەیسەڵ هیچ روونکردنەوەیان بە میدیاکان نەداوەو، لە ئەکاونتی خۆشیان لە تۆڕە کۆمەڵاتیەکان هیچ روونکردنەوەیەکیان بلآونەکردۆتەوە.

سپی جگە لەگەڕان بە ئەکانوتی پاڵێوراوەکە لە تۆڕە کۆمەلآیەتییەکان، پەیوەندی بە ناوبراویشەوە کرد، بەلآم هیچ زانیاریەکی دەستنەکەوت. 

خانەوادەی کەریم خانی برادۆست کە خانەوادەیەکی ناسراو خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیانن لە هەرێمی کوردستان، دۆستایەتیەکی باشیان لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان و بەتایبەتی سەرکردەکانی یەکێتیدا هەیە.



PM:10:43:16/04/2018