بەڵگە...ئەو ڕاوێژکارەی یەکێتی دەریکرد پێشتر دەستیلەکارکێشاوەتەوە

راوێژکاری و کادیری دیاری یەکێتی د. دڵشاد عەبدولەڕەحمان بەپێی نوسراوێکی مەکتەبی سیاسی لە یەکێتی دەرکرا، بەڵام ناوبراو لە ساڵی ڕابردووەوە وازهێنانی لەو حزبە ڕاگەیاندووە.

بەگوێرەی نوسراوێک کە لە مانگی ۱۰ی ساڵی ڕابردوو ئاڕاستەی جێگری سکرتێری گشتی کردووە راوێژکاری و کادیری دیاری یەکێتی د. دڵشاد عەبدولەڕەحمان وازهێننی خۆی لەو حزبە ڕاگەیاندووە و دەڵێت "لە بەرواری نوسینی ئەم نامەیەوە کە ۲۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ یە پەیوەندی ئەندامێتی لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەپچڕێنم".

ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەپێی بڕیارێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە ١٧ ی نیسان دەرچووەو، کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە، هەردوو کادیری دیاری یەکێتی د. دڵشاد عەبدولرەحمان، دانا نەقی، لە ریزەکانی یەکێتی دەرکران، وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە" لەبەرئەوەی دژ بە سیاسەتی یەکێتی پەیوەندیان بەلایەنێکی ترەوە کردووە".

د. دڵشاد عەبدولرەحمان راوێژکاری مەکتەبی سیاسی و پێشتریش وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم بووە.

هەروەها دانا نەقی، ئەندامی ئەنجومەنی مەکتەبی سیاسی لە سکرتاریەتی کاروباری مەکتەبی سیاسی بووە.

لە دوا کۆبوونەوەی مەکتبەی سیاسی یەکێتیدا بڕیارداوە هەر کادیر و ئەندامێکی یەکێتی کار بۆ لایەنێکی تر بکات، لە ریزەکانی یەکێتی دەردەکرێت و ماڵو موڵکی یەکێتیشی لێدەسەنرێتەوە.

زۆریەک لەو کادرانە دڵنیایی دەدەن کە بەر لەوەی دەربکرێن وازهێنانی خۆیان لەو حزبە ڕاگەیاندووە و بەشێکیان بەر لە چەند مانگێک دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە.



AM:10:22:18/04/2018