سەرۆکی لیستی شیوعی: هەر لایەنێک بەشداری هەڵبژاردنی کەرکوک نەکات حساب بۆ خەڵکی ناوچەکە ناکات

‌شلێر عەبدولمەجید سەرۆکی لیستی حیزبی شیوعی
سەرۆکی لیستی حیزبی شیوعی کوردستان لە سلێمانی، شلێر عەبدولەمەجید، پێیوایە "هەر لایەنێک لە كەركوك بەشداری لەهەڵبژاردن ناكات، ئەمە ئەوپەڕی خۆبە زلزانی و پاونخوازییە و، حساب نەكردنە بۆخەڵكی ناوچەكە".

لە دیدارێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەیجەكانی سپی میدیا،  شلێر عبدالمجید رشید، ئەندامی سەركردایەتی حیزبی شیوعی كورستان و سەرۆکی لیستی حیزبی شیوعی لە سلێمانی ژمارەی ١٤٧،  لەسەر پڕۆسەی سیاسی  لە كوردستاندا، دەڵێت " كۆی گشتی پڕۆسەكە لە كورستان و لە عێراقیش بە شێوەیەکی گشتی نا ئاساییەو لە ژێر پرسیاردایە، ئەو لایەنانەی ئەمڕۆ لە حوكمدان سیاسەت بۆ خەڵك ناكەن، بەڵکو سیاسەت بە خەڵكەوە دەكەن، بۆیە نەیانتوانیوە  سیاسەتی حەكیمانە پەیڕەو بكەن" .

لەبارەی دۆخی ئێستاو مامەڵەی حیزبەکانەوە، شلێر عەبدولمەجید، دەڵێت " هەمیشە بۆ زور پرسەكان، ئەم حیزبانە پەنایان بردووە بۆ هێزی دەرەكی و، دروستكردنی ململانێ‌ لە بەرژەوەندی حیزب و تاكە كەسدا، ئەو ناكۆكیانە بە ئاشكرا لەم دوایانە لە پەرلەمانی عێراق لە نێوان نوێنەرانی كورد بەدیدەکرا، هەر ئەمانەش بووە هۆی دروستبوونی 16 ئۆكتۆبەر".
 
 ئەو ئەندامەی سەركردایەتی حیزبی شیوعی  لەبارەی  كەركوكەوە ئاماژەی بەوەدا كە ئێستا كەركوك شێوەیەک لە شێوەکانی لەدەست دانیپێوە دیارە، ئەوەی لە دوز خورماتوو، ڕویدا جۆریكی دیكە بوو لە ئەنفال, ئەوەی بەسەر كەركوكیشدا هات كۆڕەوێكی دیكە بوو, ئەو شەڕەی كە بۆ كەركوك دەكرا كە یەكێك بە دڵ و، یەكێك بە قودس ناوی دەبا، تەنها شەڕی نەوت بووە. كورد لەوەتەی هەیە لە كەركوك كارێكی باشی نەكردوە، لە هەڵبژاردنی داهاتوشدا زەربەی گەورە بەر كەركوك دەكەوێت، دەنگەكان لەوەی كە هەیە زۆرتر كەم دەكات". 

شلێر عبد المجید لەبارەی ڕۆڵی ژن لە كایەی سیاسیدا لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان و دەڵێِت " ئێمە وەك حیزبی شیوعی بڕوای تەواومان بەوە هەیە كە دەبێت ژن ڕۆڵی دیاری هەبێت، هەر بۆیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە بازنەی سلێمانی لیستی ئێمە لیستێكی ژنانەیەو ئەندامەكانی هەمووی ژنن".

شلێر هۆکاری دروستکردنی ئەو لیستە ژنانەیە دەگەرێنێتەوە، بۆ بڕوای ئەو حیزبە،چونكە بەبڕوا ئەوان تا ئێستا لە کوردستاندا پێگەیەكی باش بە ژن نەدراوە، ئەگەر بە مەسەلەی كۆتاكان نەبێت لە سەدا یەكیش ژنان ناگەنە پەرلەمان". 

هەروەها دەربارەی باری ئابوری حكومەتی هەرێم، سەرۆکی لیستی ١٤٧ دەڵێت "سیاسەتێكی چەوت  پەیڕەو دەكرێت، لەوانە وەرگرتنی قەرز لە سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی ملدان بۆ مەرجەکانی، هۆکارێکە کوردستانی بەو بارو دۆخە ئابوریە خراپەی ئەمڕۆی گەیاند كە ئێمە زۆر هەوڵماندا ئەو قەرزە وەرنەگیرێت گوێمان لێنەگیرا" .
دەقی چاوپێکەوتنەکە..



ئه‌م بابه‌ته ‌3468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:59:18/04/2018