نرخی نەوت بەرزترین ئاستی تۆمارکرد

نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نەگەیشتۆتە نرخی ئێستای و بەرمێلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ٧٣ دۆلار و ٨٢ سەنتە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەرمێلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ٧٣ دۆلار و ٨٢ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکرا، ئەوەش بەرزترین ئاستییەتی لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤وە لەکاتێکدایە پێش ئەو مانگە نرخی بەرمیلێک ٦٨ دۆلار و ٩١ سەنت بووە.

هاوکات بەرمێلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٦٨ دۆلار و ٧٥ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکراوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە سعودییە خۆشحاڵ دەبێت بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ٨٠ یان ١٠٠ دۆلار، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە سعودیە بەنیاز نییە گۆڕانکاری لە ڕێککەوتنەکەی ئۆپیکدا بکات لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئەم ئاستە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ٢٧ دۆلار دابەزی، ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەو وڵاتانەی پشتیان بە داهاتینەوت بەستووە کە عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە.



AM:08:34:19/04/2018