عەلی حەمە ساڵح لەسەر هێرشکردنە سەر ژنە کاندیدەکان هاتە دەنگ

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی هێرشكردنە سەر كاندیدە ژنەكانی لیستەكان هاتە دەنگ و دەڵێت "تكایە سوكایەتی بە هیچ ئافرەتێك مەكەن".

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان  لەهەژماری خۆی لەفەیسبووك روونكردنەوەیەكی بەناونیشانی "تكایە سوكایەتی بە هیچ ئافرەتێك مەكەن" بڵاوكردەوە کە  تیایدا هاتووە "بەداخەوە لەگەڵ دەستپێكی بانگەشەدا، ئاماژەیەكی خراپ دەبیندرێت بۆ شكاندنی چەند كاندیدێك كە زۆرینەیان ئافرەتن".

ئاماژە بەوەش دەكات "ڕەنگە زۆرێكمان لیستێك یان كاندیدێك بە شایستە نەزانین، بەڵام دەستبردن بۆ بابەتی كەسی و هەوڵدان بۆ شكاندنی كەسایەتی تایبەت كارێكی تەواو نائەخلاقیەو نە ئاین و نەدابی كۆمەڵایەتی ڕێگا بەم ڕەفتارە نادات".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان داوا لەلایەنگرانی هەموو حیزبەكان و میدیاكانیان دەكات كە دەستبەرداری شكاندنی كەسایەتی یەكتر ببن.

ئەو ڕوونکردنەوەیەی عەلی حەمە ساڵح لەکاتێکدایە دوێنێ‌ پێنجشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هێشوو رێبوار، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپارێزگای سلێمانی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی بڵاوكردنەوەی چەند وێنە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رایگەیاند "لەماوەی رابردوودا مۆبایلەكەمیان بردووە، ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانە لەناو مۆبایلەكەمدا بوو، شتی تایبەتی ژیانی خۆمن".



PM:04:51:20/04/2018