یەکگرتوو هەرسێ لایەنی گۆڕان‌و کۆمەڵ‌و هاوپەیمانی ئاگادار دەکاتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی هەر سێ لایەنی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی ئاگادار دەکاتەوە "بۆ شەڕی لاوەکی شەڕی ڕاستەقینەی نەوت فرۆش وخاک فرۆش و میللەت فرۆشانیان بیرنەچێتەوە.”
 
ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو لە نوسینێكدا كە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی”زمانم بڕێ ترسێک لەناخمدایە کە پارتی و یەکێتی لەم هەڵبژاردنەش هەر کەڵەگاکەی جاران بن ونەچنەوە قاڵبە ڕاستەقینەکەی خۆیان وەک دوحزبی ئاسایی (نەک کش مەلیکیان لێ بکرێت) کەچی وەک ئێستا بونەتە هەژدیها بۆگیانمان (لەگەڵ ڕێزم بۆ کەسانی دڵسۆزو پاک و کوردپەوەری ناو ئەو دوحزبە)، چونکە ئەم دوهێزە بیست و حەوت ساڵ دەرفەتیان درایە و دیارە هەر ئەوەندەیان لەباراندایە ولەمە باشتریان پێ ناکرێت.”
 
هەڵەدنی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "بەبڕوای ئەو نابێت هێزەکانی دەرەوەی ئەو دو حزبە بەیەکەوە سەرقاڵ بن، با ململانێ و ڕکابەری مەدەنیانەی یەکتر بکەن و هەرلایەنە باسی پڕۆژەو کاندیدی خۆی بکات، نەک وەک ئێستا هەندێک کاراکتەری سیاسی و کاندیدی ئەو پێنج هێزە بەربونەتە وێزەی یەکتری و جوت حزبەکەش خەریکی بەکارهێنانی سامانی دزراوی کوردستان و قوتکردنەوەی کاندیدی ئاغا و خێڵن".
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو دەڵێت”من لەگەڵ ئەوەبوم وهەوڵی زۆریشم دا کە هەر پێنج حزبی (گۆڕان و یەکگرتو وهاوپەیمانی و کۆمەڵ و نەوەی نوێ) بەرەیەکی ئیسڵاحی بەرفراوان پێکبهێنن و لەگەڵ سەرکردەی هەر پێنج حزبەکە هەوڵم داو قسەم لەگەڵ کردن بە حزبەکەی خۆشمەوە بەڵام بەداخەوە هەوڵەکانمان شکستی هێنا، ئێستاش دەبێت ئەوهەنگاوە بنێن بۆهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گەر خەمی ئایندە وکۆتایی هێنانیانە بە حوکمڕانی شکستخواردو.”
 
لەكۆتاییشدا داوای لەو پێنج لایەنە كردوە”شەڕی مەدەنیانەو ڕمەکانی چاکسازی بە ئاراستەی وەرگرتنی دەسەڵات لە پارتی و یەکێتی بهاون کە ئەوان سەبەبکاری سەرەکی دۆخی ناهەمواری ئەمڕۆن و بۆ شەڕی لاوەکی شەڕی ڕاستەقینەی نەوت فرۆش وخاک فرۆش و میللەت فرۆشانیان بیرنەچێتەوە.”



PM:11:07:20/04/2018