توركیا وەڵامی ئەمریكا دەداتەوە

وەزارەتی دەرەوەت تورکیا وەڵامی ئەمریكای دایەوە سەبارەت بە نیگەرانییەكانیان لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا له‌ژێر باری نائاساییدا و لێدوانەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایان بە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی توركیا وەسفكرد و رایانگەیاند، "ئەو لێدوانانە قبوڵ ناكەن".

هامی ئاكسۆی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگەیاند، "به‌ راپۆرتی چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی پشتڕاستی ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی له‌ توركیا كراون دیموكراسی، ئازاد، دادپه‌روه‌ر و شه‌فاف بوون ".

هەروەها وتیشی،"گشتپرسیه‌كه‌ی ده‌ستوور كه‌ ساڵی 2017 به‌ڕێوه‌چوو له‌ هه‌لومه‌رجی باری نائاساییدا دوواین سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌".

ئاكسۆی ئاماژەی بەوەشکرد، كه‌ باری نائاسایی ته‌نیا یه‌كێتیی توركیا، چالاكیه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌كاته‌ ئامانج كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ئامانج ده‌گرن و وتی،"جگه‌ له‌ تیرۆریستان هیچ كه‌سێك له‌ وڵاته‌كه‌ماندا ماف و ئازادییه‌كانی سنووردارنه‌كراوه‌،ده‌مه‌وێت وه‌بیری بێنمه‌وه‌ كه‌ له‌ زۆر وڵاتدا له‌كاتی باری نائاساییدا هه‌لبژاردن كراوه‌".

هاوکات بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند،" پێویستە ئەوان سەیری حاڵی خۆیان بكەن، ساڵ و نیوێك بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕی، بەڵام هێشتا مشتومڕەكان سەبارەت بە ساختەو سەرپێچی لە ئەمریكا بەردەوامە".

رۆژی پێنج شەممە هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند" ئەستەمە هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و شەفاف لە دۆخی باری نائاسایی توركیادا بەڕێوەبچێت.خوازیارین هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك بەڕێوەبچێت، بەڵام مەترسیمان هەیە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی لەوجۆرە لەسایەی باری نائاساییدا".

ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژی هەینی پەرلەمانی توركیا پرۆژە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەسەند كرد كە بڕیارە رۆژی 24ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت.



AM:09:32:21/04/2018