چەتۆ ساڵح: چەند كەسێك لەناو یەكێتیدا ڕۆڵی مونافیقی سیاسی و دەجالیان گێڕاوە

چەتۆ ساڵح سەعید، كادری باڵای یەكێتی ئاماژە بۆ پێویستی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی دەكات و دەڵێت "چەند كەسێك لەناو یەكێتی مونافیقی سیاسی و دەجالیان گێڕاوە".

چەتۆ ساڵح سەعید، لە چاوپێكەوتنێكی ڕاستەوخۆی پەیجی "سپی میدیا" تیشك دەخاتە سەر كێشە ناوخۆیەكانی یەكێتی و پرسی هەڵبژاردن و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەست بە كێشەكانی ئەو حزبە و دەڵێت "كێشەكانی یەكێتی كێشەی ئایدیا و سەردەمی شاخ بووە و بەردەوامی هەبووە تا ئێستا، جگە لەوەش ئەو كەشە ئازادەی لەناو یەكێتیدا هەیە بووەتە هۆی بەدیار خستنی كیًَشەكان".

سەبارەت بە جیێهشتنی ژمارەیەک کوادیری ئەو حیزبەو پەیوەندیکردنیان بە حیزبێکی ترەوە، چەتۆ ساڵح کە خاوەنی هەشت شەهیدی بنەماڵەکەی خۆیەتی، دەڵێت "دیارترینیان ڕۆشتنی كاك نەوشیروان بوو كە كاریگەری سلبی هەبوو لەسەر یەكێتی، لەو سەردەمەشدا چەند كەسێك لەناو یەكێتی بۆ مەرامی خۆیان دەوری مونافیقی سیاسی و ڕۆڵی دەجالیان دەگێڕا بۆ گەورەكردنی ئەو كەلێنەی لەنێوان نەوشیروان موستەفا و مام جەلالدا هەبوو".

"كەسانێك هەن لەناو یەكێتیدا كە لە بەرژەوەندیانە كەسانی باش لەناو یەكێتی بڕۆن كاك نەوشیروان ڕۆشت زیانێكی گەورەبوو دواتر دكتۆر بەرهەم لە یەكێتی جیابووەوە كە من پێموایە عەقڵێكی گەورەبوو، ئەم كەسانە كاریگەری گەورەیان لەسەر یەكێتی هەبوو لە یەكێتی كەمیكرد"، وەک چەتۆ ساڵح ئاماژەی بۆ کرد ).

لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیشەوە، ناوبراو پێیوایە "ئەو حزبانەی كە تاقی كراونەتەوە خەڵك دەیانناسێ ئەوانەی تاقی نەكراونەتەوە خەڵك دوودڵە لێیان، جگە لەوەی لە قۆناغی دوای ڕیفراندۆم خەڵك تا ڕادەیەك بێ ئومێدە بۆیە پێشبینیكردن بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردن سەختە".

دەربارەی هۆكاری جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی وەك گۆڕان باسی لێوە دەكات کە دەیخاتە ئستۆی یەکێتی، ناوبراو ئەوەی خستەڕوو "ئێمە لە قۆناغی دوای مامین مام قسەی كۆتایی دەكرد بەڵام دوای ئەوە فەوزایەك دروستبوو، جگە لەوە كەسانێك هەبوو لەناو یەكێتیدا كە كاریگەری پارتیان بەسەرەوە بوو كەلێنەكانیان گەورەكرد و ئەم ڕێككەوتنە گەرەیان لەباربرد".

یەکێتی لەدوای نەخۆش کەوتن و مردنی مام جەلالەوە لێپرسینەوە زۆر کەم بەرامبەر ئەو كەسانە کراوە كە لە یەکێتی جیابوونەتەوەو هۆکاریش زۆرە لەسەر جیابوونەوەی ئەو کادیرە پێشکەوتوانە، چەتۆ ساڵح باس لەوە دەکات ئەوان كێشەی بەستنی كۆنگرەیان هەیە و دەڵێت "مەكتەبی سیاسی لەپای ئەوە هەڵوەشایەوە چەند كەسێك ئەجندای لایەنێك بەسەریاندا زاڵە و كە ئەوە پێچەوانەی خواست و ویستی قاعیدەی یەكێتیە ئەم كەسانە هەندێكیان بەرژەوەندیان لەگەڵ لایەنێك هەیە یان بەهۆی بابەتی كۆمەڵایەتیەوە ئەسیری لایەنێكن".

هەر لەوبارەدا دەربارەی ئەو ئیجرائاتانەی بەرامبەر ئاڵا تاڵەبانی کراوە، دەڵێت "كاك بەختیار بۆی نیە ئاڵا خان دەربكات، ئەو بۆ بەدەستهێنانی كورسیەك لە لیستی عەرەبی پرسی بە ئەندامانی سەركردایەتی و ماڵی مام جەلال كردووە جگە لەوە لە بڕیارەكەدا هاتووە كە موڵك و ماڵ لێ بسەننەوە كە ئەمە لە حاڵەتی سڕكردندا ڕوونادات".

ناوبراو پێشیوایە یەكێتی لەبەردەم ئینشیقاقدا بوو، بەڵام وەك ئەو دەڵێت "هەنگاوێك چووە پێشەوە ئێستا كە مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردراوەتەوە مەرجەعی بڕیاری هەیە، ئەمە بۆ ئەم دۆخە و تا دوای هەڵبژاردن باشە بەڵام لەدوای هەڵبژاردن دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ بەستنی كۆنگرە".

یەکێتی ماوەی چەند ساڵێکە دوا کەوتووە لەوادەی بەستی كۆنگرەوە، چەتۆ ساڵح ئەوە دەخاتە روو "یەكێتی لەبەر ڕوونەدانی ئینشیقاق كۆنگرەی نەبەستووە، بەڵام ئیتر بۆ لەمەودوا زەمینە لەبارە هیچ هۆكارێك نەماوە بۆ نەبەستنی كۆنگرە، ئەگەر بڕیاری بەستنی كۆنگرە نەدرێت كاریگەری سلبی دەبێت و دەبێتە هۆی دووركەوتنەوەی تەواوەتی قاعیدەی حزب لە سەركردایەتی".
دەقی چاوپێکەوتنەکە..




AM:11:05:21/04/2018