شاندێکی پارێزگای سلێمانی سەردانی بەغداد دەکات

بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێکی پاریزگای سلێمانی بە سەرۆكایەتیی پارێزگاری سلێمانی بۆ تاوتێکردنی چەند پرسێک تایبەت بە پارێزگاکە، سەردانی بەغداد بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆببنەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی كردنەوەی دەروازەی پشتە و سووتەمەنی بۆ پارێزگای سلێمانی و پێویستییەكانی پارێزگاكە بۆ كارەبا، لەم هەفتەیدا بەیاوەری هەریەک لە (عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی و لیوا فەخرەدین فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی سنوور لە پارێزگای سلێمانی)،سەردانی بەغداد بکەن".

وتیشی،" هەر لە سەردانەکەدا بڕیارە لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، تاوتوێی بەردەوامی هاوكاری بۆ ئاوارەكان و پرسی مووچەی كارمەندانی بەنداوی دووكان و دەربەندیخان بکەین".

ئەمەش لەکاتێدایە هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ڕەتی كردەوە، هیچ شاندێكی فەرمی بەناوی هەرێمی كوردستان لەم نزیكانە بچنە بەغدا.


PM:12:46:21/04/2018